خۆپیشاندان و مانگرتن له‌ شاری به‌سره‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌

خۆپیشاندان و مانگرتن له‌ شاری به‌سره‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، به‌ سه‌دان هاووڵاتی شاری به‌سره‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قام و دووباره‌ له‌ به‌رزی رێژه‌ی بێكاری له‌ سنووری پارێزگاكه‌یان ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرده‌وه‌ و داوای ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاریان ده‌كرد، له‌كاتێكدا زیاتر له‌ 1000 هاووڵاتی له‌نزیك كێڵگه‌ی نه‌وتی رۆژئاوای قه‌رنه‌ -2 بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ده‌ستیان به‌ مانگرتن كرد.

عه‌لی فالح، یه‌كێك له‌ خۆپیشانده‌رانه‌ و به‌ كه‌ناڵی "رووسیا توده‌ی" راگه‌یاند، "خۆپیشاندانی ئه‌مڕۆمان بۆ داواكردنی ره‌خساندنی هه‌لی كاره‌ بۆ كه‌سانی بێكار. ئێمه‌ خۆپیشاندانه‌كانمان بۆ مانگرتن گۆڕی و به‌رده‌وام ده‌بین تا ئه‌وكاته‌ی داواكانمان جێبه‌جێ ده‌كرێن، بۆیه‌ش بڕیاری مانگرتنماندا، چونكه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستدرێژییان كرده‌ سه‌ر دوو خۆپیشانده‌ر و ئه‌شكه‌نجه‌یانداون".

ئه‌و خۆپیشانده‌ره‌ گوتی: "تا ئه‌و كاته‌ له‌ مانگرتن به‌رده‌وام ده‌بین، كه‌ دادگا لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌و دوو خۆپیشانده‌ره‌ ده‌ستپێ ده‌كات، هه‌روه‌ها تا ئه‌و كاته‌ی به‌ده‌م داواكانمانه‌وه‌ دێن و هه‌لی كار بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌ڕه‌خسێنن كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ بێكار ماونه‌ته‌وه‌".

جێگای ئاماژه‌یه‌، ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مساڵی عێراق به‌ر له‌ دوو هه‌فته‌ له‌ شاری به‌سره‌ سه‌ریانهه‌ڵدا و، دواتر په‌لی بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی هاوێشت، كه‌ له‌ توند و تیژییه‌كاندا به‌ سه‌دان خۆپیشانده‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كوژران و بریندار بوون.
k24-
Top