گرووپێک بۆ رفاندن و کوشتنی خۆپیشاندەران دروست دەبێت

 گرووپێک بۆ رفاندن و کوشتنی خۆپیشاندەران دروست دەبێت
هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن، کە گرووپێکی توندڕەو بۆ رفاندن و کوشتنی خۆپیشاندەران دروست بووە.


وەک ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە باسی دەکەن، گرووپەکە بەناوی ”رەهبەری“یە و سەر بە میلیشیای بەدری شیعەمەزهەبە، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.

بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، گرووپەکە خۆیان وەک پەیڕەوکارانی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی و ویلایەتی فەقیه دەناسێنن و هەر کەسێک بەشداریی خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق بکا و دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتی فەقیه بکات، دەیڕفێنن و دواتر دەیکوژن.

لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی 2018ـەوە، هاووڵاتییانی بەسرە و دواتریش شارەکانی دیکەی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی شیرین و کارەبا خۆپیشاندان دەکەن.

بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێز و میلیشیا عێراقییەکانیشەوە، تا ئێستا زیاتر لە 750 خۆپیشاندەر کوژراون و بریندار بوون، جگە لە دەستگیرکرانی سەدانی دیکە.












باسنيوز
Top