شرۆڤه‌كارێك: گۆڕانكارى سه‌یر به‌سه‌ر داواى خۆپیشانده‌راندا هاتووه‌

 شرۆڤه‌كارێك: گۆڕانكارى سه‌یر به‌سه‌ر داواى خۆپیشانده‌راندا هاتووه‌
شرۆڤه‌كارێكى عێراقی ئاشكراى ده‌كات، خۆپیشانده‌ران داواكاریی سه‌ره‌كییان بووه‌ به‌ "گۆڕینی سیستمى حوكمڕانی" و لادانى حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات، هاوكات ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕو، كه‌ به‌هۆى بڕینی ئینته‌رنێته‌وه‌، ته‌نها له‌ ماوه‌ى 10 ڕۆژى ڕابردوودا، زیاتر له‌ 500 ملیۆن دۆلارى ئه‌مریكی، زیان به‌ر كۆمپانیاكان كه‌وتووه‌.

هیشام هاشمی، شرۆڤه‌كار و شاره‌زاى ئه‌منی له‌ عێراق، له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ توویته‌ر، له‌باره‌ى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق، ڕای گه‌یاند: "داخوازى خۆپیشانده‌ران گۆڕانكارییه‌كى سه‌یرى به‌سه‌ردا هاتووه‌، له‌ داواى خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، داواكاری سه‌ره‌كیان گۆڕیوه‌ بۆ گۆڕانكاری له‌ سیستمی حوكمڕانى و لادانى هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ى ماوه‌ى زیاتر له‌ 14 ساڵه‌، له‌ده‌سه‌ڵاتن".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ به‌هۆى بڕینی ئینته‌رنێته‌وه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى به‌غدا، كۆمپانیاكانى ئینته‌رنێت و نووسینگه‌كانى هێڵى ئاسمانى عێراق و گه‌شتوگوزار و كۆمپانیاكانى هه‌واڵه‌ى دراو و بانكه‌كان، له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى ڕیكلام و په‌خشى ئاسمانیی، زیانێكى مادی زۆریان به‌ركه‌وتوه‌.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌، ئاشكراى كرد، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان، بڕى زیانه‌كان به‌هۆى بڕینی ئینته‌رنێته‌وه‌، كه‌ له‌ماوه‌ى خۆپیشاندانه‌كاندا حكوومه‌تى ماوه‌ ته‌ووابووى عێراق بڕیویه‌تى، ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 500 ملیۆن دۆلارى ئه‌مریكی.

ماوه‌ى سێ هه‌فته‌ى له‌سه‌ر یه‌كه‌، خۆپیشاندان له‌ به‌سڕه‌ و زۆرێك له‌ شار و شارۆچكه‌ شیعه‌نشینه‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق ده‌ستى پێكردووه‌ و داواى خزمه‌تگوزاری و هه‌لى كار و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى و ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى پارێزگار و به‌رپرسه‌ باڵاكان ده‌كه‌ن.









باسنيوز
Top