خۆپیشاندان له‌ به‌غدا و باشووری عێراق ده‌ستى پێكرده‌وه‌

 خۆپیشاندان له‌ به‌غدا و باشووری عێراق ده‌ستى پێكرده‌وه‌
هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندان له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر له‌ به‌غدا، له‌ شارى ناسڕییه‌، ناوه‌ندی پارێزگاى زیقار، خۆپیشاندان ده‌ستى پێكرده‌وه‌ و داواى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى پارێزگار و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سه‌دان كه‌س له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر له‌ به‌غدا، دژ به‌ حكوومه‌ته‌ ماوه‌ ته‌واوبووه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادی و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و گه‌نده‌ڵى، ده‌ستیان به‌خۆپیشاندان كرد.

هاوكات، له‌ شارى ناسڕییه‌ش له‌ باشوورى عێراق، سه‌دان كه‌س له‌ گۆڕه‌پانی حه‌بووبى له‌ ناوه‌ڕاستى شار، ده‌ستیان به‌خۆپیشاندان كرد.

خۆپیشانده‌رانى زیقار، داواى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى پارێزگار و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كانى شاره‌وانییه‌كان، ده‌كه‌ن. دواتر به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران ڕوویان كرده‌ بیناى پارێزگا.

هه‌فته‌ى سێیه‌م و له‌سه‌ر یه‌كه‌، له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق و به‌غداى پایته‌خت، خۆپیشاندان دژ به‌ حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادی، ده‌ستى پێكردووه‌.








باسنيوز
Top