هاوپەیمانییەكەی سەدر بەفەرمی دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكوومەتی هەڵپەسارد
محەمەد رشك سەركردە لە هاوپەیمانی ئەلسائیرون رایگەیاند سەدر فەرمانی داوە هەموو دانوستاندنەكان هەڵپەسێرن، تا ئەو كاتەی حكوومەتی ماوەبەسەرچوو تەواوی داواكانی خۆپێشاندەران جێبەجێ دەكات، بەم هۆیەوە هاوپەیمانی ئەلسائیرون تەواوی گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی هەڵپەسارد.
رشك گوتی هیچ رەوایەتییەكی تێدا نیە ئێمە خەریكی دابەشكردنی كورسیەكان و پۆستەكان بین، هاووڵاتیانی عێراقیش داوای رەوایان هەبێت و حكوومەت بۆیان جێبەجێ نەكات.
هەروەها دووپاتی كردەوە كە لە دوای ئەوەی حكوومەت وەڵامی خۆپێشاندەران دەداتەوە بەخستنەڕووی هەلی كار و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و وزەی كارەبا، ئێمەش لە هاوپەیمانی ئەلسائیرون دەست دەكەین بەدانوستاندنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە دەیان هەزار خۆپێشاندەر لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق رژاونەتە سەر شەقامەكان و داوای ئاوی خواردنەوە و وزەی كارەبا و هەلی كار دەكەن، تا ئێستە حكوومەتی حەیدەر عەبادی نەك هەر داواكانی جێبەجێ نەكردوون، بەڵكو هێزە ئەمنیەكانی بەرداوەتە گیانی خۆپێشاندەران و تا ئێستە بەلایەنی كەمەوە 13 خۆپێشاندەر كوژراون و سەدان خۆپێشاندەری تریش بریندار بوون.
باسنيوز