هۆزه‌كانى باشوورى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى له‌ عه‌بادى ده‌كه‌ن

 هۆزه‌كانى باشوورى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى له‌ عه‌بادى ده‌كه‌ن
هۆزه‌كانى باشوورى عێراق، چه‌ند مه‌رجێك بۆ حكوومه‌ته‌ ماوه‌ ته‌واوبووه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادی داده‌نێن و داواى به‌په‌له‌ ئازادكردنى سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوه‌كانیش ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ى ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى ده‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵێكى ماڵپه‌رى RTى ڕووسی، یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانى هۆزه‌كانى باشوورى عێراق، بریتییه‌ له‌، جێبه‌جێكردنى سه‌رجه‌م داخوازییه‌كانى خۆپیشانده‌ران به‌ بێ ئه‌وه‌ى "ده‌ستى ده‌ستییان" پێ بكرێت.

داواش ده‌كه‌ن، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چیتر توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كار نه‌هێنن و به‌ گولـله‌ و ئاگر و ئاوى كوڵاو، وه‌ڵامى خۆپیشانده‌ران نه‌ده‌نه‌وه‌.

هۆز و عه‌شیره‌ته‌كان، هه‌ڕه‌شه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى له‌و هێزانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ توندوتیژیی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كار ده‌هێنن.

بۆ هه‌فته‌ى سێیه‌م و له‌سه‌ر یه‌كه‌، خۆپیشاندان له‌ به‌سڕه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ و دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانى بابل، كه‌ربه‌لا ، نه‌جه‌ف، زیقار، موسه‌ننا، دیوانییه‌، واست و میسانى گرته‌وه‌.

خۆپیشانده‌ران، حكوومه‌ته‌كانى شیعه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ماوه‌ى 15 ساڵى ڕابردوودا، نه‌یانتوانیوه‌ هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن، له‌وانه‌ش ئاو و كاره‌با و دابینكردنى پێداویستى نه‌خۆشخانه‌كان و هه‌لى كار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنى گه‌نده‌ڵى به‌ناو سه‌رجه‌م جوگه‌كانى حكوومه‌ت.

به‌پێی ئامارێكى كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤی عێراق، تا ڕۆژى 19/ 7/ 2018،به‌هۆى خۆپیشاندانه‌وه‌، 211 خۆپیشانده‌ر بوون به‌ قوربانى ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستگیركردنى سه‌دانى دیكه‌.










باسنيوز
Top