خۆپیشاندان لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستی پێکردەوە

 خۆپیشاندان لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستی پێکردەوە
خۆپیشاندانه‌كان له‌ هه‌ردوو پارێزگاى به‌سڕه‌ و بابل، ده‌ستیان پێكرده‌وه‌ و سه‌رۆك هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانیش 10 ڕۆژ ماوه‌ ده‌ده‌نه‌ حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات و هه‌روه‌ها ده‌ستگیركراه‌كانیش ئازاد بكات.

سه‌دان كه‌س له‌ سه‌رۆك و پیاو و گه‌نجانى عه‌شیره‌ته‌كان له‌ ناوچه‌ى ئه‌بو خسێب، له‌ سنوورى پارێزگاى به‌سڕه‌ چوونه‌ به‌رده‌م قایمقامییه‌ت و داواى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى ئیسماعیل عامرى، قایمقامى شاره‌كه‌یان كرد.

خۆپیشانده‌ران سوورن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى تریان، كه‌ بریتییه‌ له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و پێداویستییه‌كانى تایبه‌ت به‌نه‌خۆشخانه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌دابینكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ و هه‌لى كار و وزه‌ى كاره‌با و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى.

بۆ وه‌ڵامى خۆپیشانده‌ران، ئه‌سعه‌د عیدانى، پارێزگارى به‌سڕه‌، ڕێنمایی بۆ دامه‌زراندنى 10 هه‌زار كه‌س له‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌سه‌ر بڕیارى حكوومه‌ته‌ ماوه‌ ته‌واوبووه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى، ده‌ركرد.

لاى خۆیه‌وه‌، ده‌سته‌ى هه‌ماهه‌نگی خۆپیشانده‌رانى به‌سڕه‌، 10 ڕۆژ ماوه‌ی به‌ حكوومه‌تى به‌غدا دا بۆ ئه‌وه‌ى داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات و سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوانیش ئازاد بكات

هاوكات، له‌ شارى موسه‌یه‌ب له‌ سنوورى بابل، خۆپیشاندان ده‌ستى پێكرده‌وه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وانیش داواى خزمه‌تگوزارییه‌كان و هه‌لى كار و ئاو و كاره‌با و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى ده‌كه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌راندا، دوێنێ سێشه‌ممه‌ پۆلیسی عێراقی ئاوى گه‌رمى به‌ خۆپیشانده‌رانى به‌رده‌م كێڵگه‌ى زوبێری نه‌وتیی له‌ باشوورى به‌سڕه‌دا كرد.









باسنيوز
Top