نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێ حکوومەتی عێراق وەڵامدەری ویستی خۆپیشاندەران بێت
یان کۆبیچ، دوێنێ سێشەممە 2018/7/17 لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەمداوایەی شارە باشوورییەکانی عێراق ئاشکرای کردووە، حکوومەتی عێراق دەبێ وەڵامدەری ویست و داخوازییە یاسایی و ڕەواکانی خەڵک بێت و نیگەرانیی خۆشی لەبارەی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان و تەقە و کوژرانی خۆپیشاندەران دەربڕیوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە، دەبێ حکوومەتی عێراق بۆ ڕەوینەوەی نیگەرانیی خەڵک و پێشگیری لە دووبارەنەبوونەوەی توندوتیژی، ڕێگەچارەیەکی درێژخایەنی سیاسی بگرێتەبەر.
یان کۆبیچ ڕایشی گەیاندووە کوژرانی خەڵکی ناڕازی، هەروەها تێکدان و خاپوورکردنی موڵک و ماڵی گشتی و ئاورتێبەردانی نووسینگە و باڵەخانەی حزب و دامەزراوە حکوومەییەکان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی عێراق، جێگەی نیگەرانییە و ئەمە درێژەدانە بە توندوتیژی و کاریگەریی ڕووخێنەری لەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی عێراق هەیە.
ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژە بەهۆی دۆخی خراپی خزمەتگوزاریی وەک ئاو، کارەبا و بێکاری و نەبوونی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی، جەماوەری شار و پارێزگاکانی باشووری عێراق، وەک، نەجەف، بەسرە، میسان، زیقار و هەندێ گەڕەکی بەغدا دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانیش 15 خۆپیشاندەر کوژراون و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز