خۆپیشانده‌ران سێ رۆژ مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه حكوومه‌تی عێراق
نوێنه‌ری خۆپیشانده‌ران داوا ده‌كه‌ن، له رێگه‌ی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراقه‌وه, ئه‌م 14 داواكارييه بدرێته حكوومه‌ت.
به گوێره‌ی ویبسایتی شه‌فه‌ق نیوز، خۆپیشانده‌ران بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانییان، 3 رۆژی مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه حكوومه‌تی عێراق.
1- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و ئه‌نجوومه‌نه خۆجێییه‌كان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینی كه پێیاندراوه، ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش كه‌مبكرێته‌وه بۆ چاره‌گێك، یانیش هه‌ر پارێزگایه‌ك دوو نوێنه‌ری هه‌بێت و به‌شداری له دانانی یاساكان بكات، یاخود له رێگه‌یه‌وه پێویستی و پرۆژه‌كانی پارێزگاكه بگه‌یه‌نرێت.
2- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، بریكارانی وه‌زاره‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان، مووچه و ئیمتیازاته‌كانی نیشته‌جێبووه‌كانی كامپه‌كانی ره‌فحه و جیهادیش له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌گه‌ڵ مووچه‌ی خانه‌نشینییان له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی ده‌ره‌وه بكرێته یه‌ك.
3- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی پشكنه‌ره گشتییه‌كان له وه‌زاره‌ته‌كان، چونكه ئه‌وان گه‌نده‌ڵییه‌كان داده‌پۆشن و دزییه‌كان له‌نێوان خۆیان به‌ش ده‌كه‌ن.
4- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و نووسینگه‌كانی له ته‌واوی پارێزگاكان، به‌و پێیه‌ی گه‌نده‌ڵه‌كانی پاراستووه و دایپۆشیون، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه ته‌واوی هه‌ڵبژاردنی رابردوویان ساخته‌كردووه و له به‌رامبه‌ر ساخته‌كارییه‌كانی پێشووش، كه وڵاتی دووچاری داڕووخان كردووه، لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.
5- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینی ته‌واوی په‌رله‌مانتاران، له ته‌واوی خووله‌كانی دوای رووخانی رژێمی پێشوو، هاوكات هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه ئیمتیازات ده‌داته په‌رله‌مانتاران و به جۆرێك هه‌مواربكرێته‌وه، له‌گه‌ڵ بڕوانامه‌یان بگونجێت، ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری پۆستی پێشووی ببێت و خۆی بۆ په‌رله‌مان یه‌كلابكاته‌وه، وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت.
6- سه‌باره‌ت به فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌فیش، پێویسته ئه‌نجوومه‌نه كارگێڕییه‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ئه‌ندامانی راپێچی دادگایه‌كی ره‌وا بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و پارانه‌ی پێشووتر دزیویانه بگه‌ڕێندرێته‌وه.
7- پێویسته دادگایه‌ك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه له ژێر ناوی "دادگای خه‌ڵك" پێكبهێنرێت و ئه‌ندامانی له‌لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵبژێردرێن، مه‌رجه‌عیه‌تی باڵا دادگایی هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵ و دزانه بكات له دوای رووخانی رژێمه‌وه هاتوونه‌ته حكوومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی سزایه‌كی دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر خیانه‌تكاران بسه‌پێنرێت.
8- دامه‌زراندنی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتی ئه‌ڵمانیا و به ماوه‌یه‌كی خێرا، وه‌ك رێككه‌وتنی میسر له‌گه‌ڵیان كردوون، كه بۆ بنیاتنانی سێ وێستگه و هه‌ر وێستگه‌یه‌كیش 2 ملیار دۆلاری تێده‌چێت.
9- پێكهینانی لێژنه‌یه‌ك له مه‌رجه‌عی عێراق، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌بژێرێك له یاساناسانی زانكۆكانی عێراق، بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و مادده و بڕگانه‌ی ده‌ستوور، كه خزمه‌ت به گه‌ل ناكه‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه پیاوانی ده‌سه‌ڵات و حزبه سیاسییه‌كان.
10- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای "سانت لیگۆ"ی هه‌مواركراو، تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن و گۆڕینی به یاسای به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆ هه‌ر كه‌سێك به‌بێ لیستی حزبه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه به كه‌سانی سه‌ر‌به‌خۆ بدات بگه‌نه په‌رله‌مان.
11- رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بواری وه‌به‌رهێنان و وازهێنان له كۆمپانیای به‌رپرسانی حزبه‌كان، كه سامانی وڵاتییان تاڵانكردووه و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌پارێزن.
12- دامه‌زراندن و راگه‌یاندنی هه‌لیكار به میكانیزمی نوێ، كه مافی هه‌مووانی تێدا پارێزراو بێت، نه‌ك له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه بدزرێت و له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دابه‌شی بكات.
13- دابه‌شكردنی مافی تاكی عێراق له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی باج بگونجێت كه حكوومه‌ت وه‌ریده‌گرێت، یانیش له به‌رامبه‌ردا خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان بكاته خۆڕایی، وه‌كو ئاو، كاره‌با و كه‌رتی ته‌ندرووستی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه.
14- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای تایبه‌تمه‌ندی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی كاره‌با و نه‌وت و غاز، چونكه پرۆژه‌یه‌كی حزبی ده‌سه‌ڵاتداره له‌سه‌ر حیسابی گیرفانی هاووڵاتییانی هه‌ژار و ئه‌وانه‌ی داهاتییان سنوورداره، وه‌كو فه‌رمانبه‌ران و كاسبكاری ئاسایی.
K24 -