ئه‌مریكا حكوومه‌تى عێراق به‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات و دەڵێت "میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى تۆمه‌تبارى سه‌ره‌كین"

 ئه‌مریكا حكوومه‌تى عێراق به‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات و دەڵێت
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، له‌ ڕاپۆرتێكیدا له‌باره‌ى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌، حكوومه‌تى عێراقی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد، كه‌ به‌كه‌مترین پێوه‌ره‌كانى ئه‌و بواره‌وه‌، پابه‌ند نییه‌.


له‌ ڕاپۆرته‌ ئه‌مریكییه‌كه‌دا، هاتووه‌: "حكوومه‌تى عێراق، به‌كه‌مترین شێوه‌ش پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ پێوه‌ره‌ خوازراوه‌كان بۆ نه‌هێشتنى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ"، جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مریكا كاری گرنگى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی تێوه‌گلاوی عێراقی، بگه‌یه‌نێته‌ دادگا.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، ژماره‌یه‌ك زیاترى له‌ چاو ڕاپۆرته‌كانى پێشوو بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌، دیاری كرد.


ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، كه‌ بۆ ساڵى دووه‌م و له‌سه‌ر یه‌كه‌، عێراق له‌ ئاستى دووه‌مى چاودێریكردندایه‌: "هه‌رچه‌نده‌ حكوومه‌تی عێراق ژماره‌ى قوربانیانی ئه‌و تاوانه‌ى دیاری كردووه‌، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى زۆر له‌ ڕێكاره‌كان له‌و بواره‌دا، هه‌یه‌".

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، حكوومه‌تى عێراق په‌ناگه‌یه‌كی بۆ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ له‌ناو شارى به‌غدا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئاشكرا كراوه‌، كه‌ له‌ ساڵى 2017، ئه‌و په‌ناگه‌یه‌ چۆڵ بووه‌ و حكوومه‌تیش هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌و تۆمه‌تانه‌ نه‌كردووه‌، كه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ میلیشیا چه‌كداره‌كانى نزیك له‌ ئێران.


ڕاپۆرته‌كه‌ ئاشكراى كردووه‌، كه‌ میلیشیا چه‌كداره‌كان، منداڵى خوار ته‌مه‌نى یاسایی چه‌كدار ده‌كه‌ن، له‌نێویشایندا گرووپى سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبى هه‌یه‌ ئه‌و تاوانه‌ ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام تائێستا حكوومه‌ت په‌نجه‌ى تۆمه‌تى بۆ ئه‌و گرووپ و به‌رپرسه‌ میلیشیایانه‌ درێژ نه‌كردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ساڵانێكه‌ به‌رده‌وامن له‌ ئه‌نجام دانى.



باسنیوز
Top