حەشدی شەعبی مزگەوتێک دەسووتێنێت و دەیخاتە ئەستۆی سەرخۆشەکان

 حەشدی شەعبی مزگەوتێک دەسووتێنێت و دەیخاتە ئەستۆی سەرخۆشەکان
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پۆلیسی نه‌ینه‌وا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ئاشكراى كرد، دوو مزگه‌وتى سه‌ر به‌ وه‌قفی سوننه‌ له‌ شارى ته‌لعه‌فه‌ر، سووتێنران. هاوكات، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى كه‌ به‌سووتاندنى مزگه‌وته‌كان تۆمه‌تبار ده‌كرێن، ڕای ده‌گه‌یه‌نن، كه‌ سه‌رخۆشه‌كان مزگه‌وته‌كان ده‌سووتێنن.

نه‌قیب ئه‌میر واسق، له‌ پۆلیسی نه‌ینه‌وا، ڕايگه‌یاند: "چه‌كدارانى نه‌ناسراو مزگه‌وتى (ئه‌هلولبه‌یت) له‌ گه‌ڕه‌كى نیدا و مزگه‌وتى گه‌ڕه‌كى ته‌ڵیعه‌یان تاڵان كرد و دواتر ئاگریان تێبه‌ردان".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چوونه‌ته‌ شوێنى ڕووداوه‌كان و هه‌ڵمه‌تێكى گه‌ڕان و پشكنینیان بۆ ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌كان، ده‌ست پێكردووه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ شارى ته‌لعه‌فه‌ر، دواى ده‌ركردنى له‌ژێر ده‌ستى داعش، میلیشیا مه‌زهه‌بییه‌كانى نزیك له‌ ئێران كۆنترۆڵى شاره‌كه‌یان كردووه‌ و بۆ سووتاندنى هه‌ردوو مزگه‌وته‌كه‌ش، ده‌ستى تۆمه‌ت بۆ چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى ڕاده‌كێشرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كى حه‌شدى شه‌عبى به‌ ماڵپه‌رى (غه‌د پرێس)ى ِراگه‌یاندوه‌، كۆمه‌ڵێك سه‌رخۆش، كه‌ له‌ داخستنى دوكانه‌كانى مه‌ى فرۆشتن بێزار و تووڕه‌ن، مزگه‌وتێكیان له‌ ته‌لعه‌فه‌ر سووتاند.

هه‌فته‌ى ڕابردووش هه‌ر له‌و شاره‌، كه‌ به‌شێكى زۆر له‌ دانیشتووانه‌كه‌ى توركمانى شیعه‌ مه‌زهه‌بن، له‌لایه‌ن چه‌كدارانى نه‌ناسراوه‌وه‌، گه‌وره‌ترین مزگه‌وتى شاره‌كه‌ به‌ناوى مزگه‌وتى (فه‌تح)یان سووتاند.










باسنيوز
Top