خۆپیشاندانه‌كانی عێراق كچه‌كه‌ی سه‌دامیان هێنایه‌ ده‌نگ

خۆپیشاندانه‌كانی عێراق كچه‌كه‌ی سه‌دامیان هێنایه‌ ده‌نگ


ره‌غد سه‌دام، گه‌وره‌ كچه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن، سه‌رۆكی رژێمی رووخاوی عێراق ره‌تی كرده‌وه‌ خۆپیشانده‌رانی عێراقی هاندابێت بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گا حزبییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی.

له‌ تویتێكدا، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، ره‌غد سه‌دام ره‌تی كرده‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خۆپیشانده‌رانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی هاندابێت، بۆئه‌وه‌ی هێرشی سه‌ر باره‌گاكانی ئه‌و حزبانه‌ بكه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن.

كچه‌كه‌ی سه‌دام دووپاتیكرده‌وه‌، "ئه‌و هه‌ژماره‌ تایبه‌ته‌ی تویته‌ر كه‌ تویتێكی به‌ناوی منه‌وه‌ بڵاوكردبووه‌وه‌، هه‌ژمارێكی ساخته‌یه‌‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به منه‌وه‌ نییه‌" و گوتیشی: "من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قسه‌م له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی عێراق نه‌كردووه‌".

پێشتر له‌ هه‌ژمارێكی تایبه‌ت له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر كه‌ به ‌ناوی ره‌غد سه‌دام دانراوه‌، له‌ تویتێكدا داوا له‌ خۆپیشانده‌رانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عیراق كرابوو، هێرشی سه‌ر باره‌گای ئه‌و حزبانه‌ بكه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، كه‌ زۆربه‌ی دانیشتوانی ئه‌و شارانه‌ی خۆپیشاندانی تێدا به‌ڕێوه‌ ده‌چن، شیعه‌ نشینن و رێگه‌ به‌خۆیان ناده‌ن فه‌رمان له‌ كه‌سێكی وه‌ك كچی سه‌دام حوسێن وه‌ربگرن، كه‌ لای ئه‌وان به‌ دیكتاتۆرێكی سوننی ناسرابوو.
k24-
Top