تانك و زریپۆشی ئێرانی هاتووەتە نێو بەسرا

 تانك و زریپۆشی ئێرانی هاتووەتە نێو بەسرا
رۆژنامەنووسێكی ناسراوی عێراقی ئاشكرای كرد تانكی سەربازیی ئێران گەیشتووەتە نێو شاری بەسرا، بۆ دامركاندنەوەی خۆپێشاندانەكانی ناڕەزایی دانیشتووانی شارەكە.

سوفیان سامەرایی رۆژنامەنووس و سەرنووسەری ماڵپەڕی (بەغداد پۆست) ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند سەرباز و سوپای ئێران هاتوونەتە نێو بەسراوە.

سامەرایی لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر بڵاوی كردەوە هێزەكانی پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هاتوونەتە نێو بەسراوە، حكوومەتی عێراق دەیەوێ لە ڕێگەی ئێرانەوە خۆپێشاندانەكان دامركێنێتەوە.

هێزەكانی ئێران لە ڕێگەی دەروازەی بازرگانیی شەلامچەی نێوان هەردوو وڵاتەوە هاتوونەتە بەسرا.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە خۆپێشاندانێكی بەرفرەوان شارەكانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە، هاووڵاتیانی داوای كارەبا و ئاو دەكەن، بەڵام هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەئاگر و ئاسن وەڵامیان داونەتەوە و زیاتر لە بیست خۆپێشاندەریان كوشتووە، دەیانیشیان بریندار كردووە.









باسنيوز
Top