بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە حكوومەتی عێراق سەدان ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە

 بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە حكوومەتی عێراق سەدان ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە
دوابەدوای بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەكانی عێراق و ڕێوشوێنە توندەكانی حكوومەت لەبری جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتیان، سەدان ملیۆن دۆلار زیان بەر حكوومەت و كۆمپانیاكانی ئەم وڵاتە دەكەوێت.

ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی بەریتانی لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای كردووە ڕێوشوێنەكانی حكوومەتی بەغدا لەبارەی خۆپێشاندانەكانی شارەكانی ئەم وڵاتەوە، كێشەكانی قووڵتر كردووەتەوە و بووەتە هۆی پێكدادان و كەوتنەوەی چەندین قوربانی لەنێو ڕیزی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخوازەوە.

رۆژنامەكە دەڵێ لە چەند رۆژی رابردوودا كەرتەكانی دارایی و بازرگانی و خزمەتگوزاری لەو شارانەی عێراقدا كە خۆپێشاندانیان تێدا دەكرێ و حكوومەت بەئاگر و ئاسن وەڵامی داونەتەوە، زیانی گەورەیان بەركەوتووە.

ئاماژەی بەوەش داوە كە سەرباری گرتنی دەیان ڕێگەی سەرەكی و راگرتنی دەوامی فەرمی، ئینتەرنێتیش لە نۆ پارێزگای عێراق بڕاوە لەگەڵ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەپارێزگای بەغدای پایتەختی فیدراڵیشەوە. لە كاتێكدا هاووڵاتیانی ئەم پارێزگایانە داوای ئاو و كارەبا و هەلی كاریان كردبوو، هەریەك لە دۆخی كارەبا و ئاو خراپتر بووە و هەلی كاریش بەتەواوی لەناوچووە.

رۆژنامەكە لەبارەی زیانی سەدان ملیۆن دۆلاریشەوە، كە بەر حكوومەت و كۆمپانیاكان دەكەوێ، ئاماژەی بەوە كردووە كە بەلایەنی كەمەوە 80 ڕێگەی سەرەكی بەرەو بەندەرە نەوتی و بازرگانییەكانی بەسرا گیراون. هەروەها دەروازە سنووریەكانی سەفوان لەگەڵ كوێت و شەلامچە لەگەڵ ئێران بەتەواوی داخراون.

نزیكەی هەفتەیەكە خۆپێشاندانێكی فرەوان پارێزگای بەسرا و پارێزگاكانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە، ئەمەش بەهۆی بێ باكییەكانی حكوومەت لە هاووڵاتیان و پێنەدانی وزەی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و دابین نەكردنی هەلی كار.











باسنيوز
Top