عەبادی هەڕەشەی كوشتنی ئاژاوەگێڕەكانی نێو خۆپێشاندانەكان دەكات
عەبادی رایگەیاندووە كە عێراقییەكان لە ئاژاوەگێڕان قبووڵ ناكەن كە سواری شەپۆڵی ناڕەزاییەكانی خەڵكی باشووری عێراق بن و هێرش بكەنە سەر هێزە ئەمنیەكان و مولكەكانی دەوڵەت. داوای لە هێزە ئەمنیەكان كردووە تەنها بەرانبەر ئەو خۆپێشاندەرانەی چەكیان هەڵنەگرتووە، خۆیان بپارێزن لە بەكارهێنانی گوللە. بەو مانایەی بەرانبەر ئەوانی تر بەكاری بهێنن.
ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ یەكشەممە لە چوارچێوەی ھەوڵەکانیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسڕە، بە گوللەی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، چوار خۆپیشاندەر کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون.
ھێزە ئەمنییەکانی عێراق جگە لە گوللە، گازی فرمێسکڕێژیش بەسەر خۆپیشاندەراندا دەھاوێژن.
لە لایەکی دیکەوە بەھۆی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان و ئەو گرژییانەی لە خۆپیشاندانەکانی دیوانییە کەوتووەتەوە، ١٠ خۆپیشاندەر بریندار بوون. لە پارێزگاکانی (بابل، نەجەف، بەسڕە، کەربەلا و چەندان شوێنی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق)، خۆپیشاندان بەردەوامە.
باسنيوز