لەژێر فشاری خۆپیشاندەران عەبادی زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد

 لەژێر فشاری خۆپیشاندەران عەبادی زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد
لەژێر فشاری خۆپیشاندەران، سەرۆک وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد کە خۆی لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و تەرخانکردنی بڕی ٣.٥ تریلیۆن دیناردا دەبینێتەوە.

میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق حەوت بڕیاری لەژێر کاریگەریی خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق دەرکردووە، بەتایبەتیش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ھاووڵاتییان و عەشایەرەکانی باشووری عێراق.

یەکێک لە بڕیارەکانی عەبادی، تەرخانکردنی بری ٣.٥ تریلیۆن دینارە دەست بەجێ بۆ پارێزگای بەسڕە و خەرجکردنی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سوێریی ئاو و چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی.

ھەر لە چوارچێوەی بریارەکانی عەبادیدا، کارەکانی وەبەرھێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون و قوتابخانە و خزمەتگوزرییەکان دەبێت. لەگەڵ پێدانی پلەی وەزیفی بۆ ئەو کەسانەی بێکار کەوتوون.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی عەبادیدا، کردنەوەی زیاتری ئاو بۆ پارێزگاکانی (بەسرە، زیقار، دیوانیە و موسەنا)یە، فەرمانیش بە دەزگا پەیوەندیدارەکان کراوە کە زیادەڕۆیی بۆ سەر بەشەئاوەکان قەدەغە بکەن.

ھەر بەپێی ئەو بڕیارانەی عەبادی داویەتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف لەکارەکەی لادراوە و ئەنجومەنی کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نەجەفیش ھەڵوەشێندراوەتەوە. ھاوکات ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی دوورخراونەتەوە و بەرپرسانی محەلیش کارەکانیان ڕاگیراوە و کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان پابەند کراون کە ڕێژەی ٣٠٪ی کرێکارەکانیان خەڵکی عێراق بن.









باسنيوز
Top