"ده‌رده‌ كوشنده‌كه‌" هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گه‌نجان ده‌كات

به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ریزی گه‌نجانی عێراق، به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردووه‌ و به‌ گوێره‌ی هه‌ندێك ئاماریش، كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، 70% زیادیكردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی گۆڤاری (الف باء)ی عێراقی، ده‌سته‌ی نيشتمانى نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ عێراق، نیگه‌رانه‌ له‌ زیادبوونی چالاكی و بازرگانی چه‌ته‌ و مافیاكان به‌و مادده‌ هۆشبه‌ره‌ "كوشندانه‌" له‌ عێراق.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی گۆڤاره‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی "ئیبن روشد"، كه‌ تاكه‌ نه‌خۆشخانه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئالووده‌بووانه‌ به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان به‌ رێژه‌ی 70% زیادیكردووه‌، رۆژ به‌رۆژ ژماره‌یان زیاتر ده‌بێت، ئه‌وه‌یش ده‌ردێكی كوشنده‌یه‌ به‌رۆكی گه‌نجان و هه‌رزه‌كارانی گرتووه‌".

به‌رێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئاشكرای ده‌كات، ئێستا گه‌نجان به‌هۆی ده‌ستنه‌كه‌وتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر، خۆیان جۆری دیكه‌ به‌كارده‌هێنن، هه‌یانه‌ به‌نزین و ته‌نه‌ر بۆن ده‌كات، كه‌ مادده‌ی هۆشبه‌ری ژه‌هراوین، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ندێكیان به‌ هاوكاری كه‌سانی به‌ته‌مه‌نتر، چۆنیه‌تی درووستكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان فێربوونه‌".

ئێستا عێراق، ته‌نها وه‌ك وڵاتێك بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ماددانه‌ به‌كارنایه‌ت، به‌ڵكو بووه‌ته‌ ناوه‌ندی بازرگانی و دابه‌شكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراقیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، زۆربه‌ی ئه‌و ماددانه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێوه‌ ده‌هێنرێنه‌ ناو عێراق.

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی "ئیبن روشد"‌ ئاشكرای ده‌كات، زۆربه‌ی حاڵه‌تی ئالووده‌بووان، له‌ نێوانی ته‌مه‌نی 17-18 ساڵیدایه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌رزه‌كاران له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵیشدا له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ چاره‌سه‌رییان بۆ ده‌كرێت.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش، دوو رێگه‌ی سه‌ره‌كی هێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ عێراق هه‌یه‌ و وڵاته‌كه‌ش بووه‌ته‌ كۆگای دابه‌شكردنی ئه‌و ماددانه‌ بۆ وڵاتانی دیكه‌.

رێگه‌ی یه‌كه‌میان، ناوچه‌ سنوورییه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاته‌، كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌هێنرێت، رێگه‌ی دووه‌میش سنووره‌ ئاوییه‌كانی كه‌نداوه‌.

وه‌ك ئه‌و گۆڤاره‌ عێراقییه‌ ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، ئێستا عێراق نه‌ك ته‌نها وه‌ك وڵاتی سێیه‌م به‌كاردێت، به‌ڵكو زۆربه‌ی قاچاخچییه‌كان و بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، وه‌ك كۆگایه‌ك به‌كاریده‌هێنن.

هه‌رچه‌نده‌ تا ئیستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر باندی بازرگانییان به‌و ماددانه‌ ده‌ستگیركردووه‌، به‌ڵام دیارده‌كه‌ روو له‌ زیادبوونه‌ و به‌ گوێره‌ی راگه‌یاندنه‌كانیش، ئه‌سته‌مه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت.
k24 -
Top