عەبادی هێزەکانی دەخاتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی

 عەبادی هێزەکانی دەخاتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی
سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزەکانی وڵاتەکەی دەخاتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران.

رۆژی شەممە 14/7/2018، خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق لە پارێزگاکانی نەجەف، بابل، میسان، ناسریە و بەسرە بەردەوام بوون و هێرش کرایە سەر بارەگای چەند حزب و لایەنێک.

بەپێی زانیارییەکان، حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیران، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیەتی، فەرمانی حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی بە هێزەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران.

زانیارییە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە خۆپیشاندەران دەروازەی سەفوانی سنوورییان لەنێوان عێراق و کوێت داخستووە و چەندین رێگای سەرەکیی پارێزگاکانی باشووریش داخراون.

چەند رۆژێکە هاووڵاتییانی چەند پارێزگایەکی عێراق بەهۆی نەبوونی خزمەگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی شیرین و کارەبا، خۆپیشاندان دەکەن و چەند خۆپیشاندەرێکیش بە گوللەی هێز و میلیشیاکان کوژراون.








باسنيوز
Top