کوێت گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەیەکی عێراق راگرت
راگرتنەکە بۆ ئەو گەشتانەیە، کە ئەو هێڵە ئاسمانییە بەرەو فڕۆکەخانەی نەجەف ئەنجامی دەدا و لە رۆژی شەممە 14/7/2018 دەست پێ دەکات و تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
هەروەک هێڵی ئاسمانیی کوێتی لە بەیاننامەیەکدا، کە میدیاکانی وڵاتەکە بڵاویان کردووەتەوە، رایگەیاندووە، راگرتنەکە بەهۆی ئەو پشێوییانەیە، کە لە باشووری عێراق بە گشتی و لە نەجەف و فڕۆکەخانەکەی و بەسرە بەتایبەت، دروست بوون.
چەند رۆژێکە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی شیرین و کارەبا دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و رۆژی هەینی 13/7/2018ش بەشێک لە خۆپیشاندەران بۆ ماوەیەک دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی نەجەفدا گرت.
میدیا کوێتییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری کوێت، باری ئەوپەڕی لەناکاویان راگەیاندووە و هێزەکان و سوپا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی.
کوێت شانشینێکی عەرەبیی کەنداوی عەرەبییە و کەوتووە باشووری عێراق و هاوسنوورە لەگەڵ پاڕێزگای بەسرە.
باسنيوز