گه‌شته‌كانى فڕۆكه‌خانه‌ى نه‌جه‌ف ده‌ستيانپێكرده‌وه‌

گه‌شته‌كانى فڕۆكه‌خانه‌ى نه‌جه‌ف ده‌ستيانپێكرده‌وه‌
خۆپيشانده‌ران له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى نه‌جه‌ف پاشه‌كشێيان كرد و گه‌شته‌كانى فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ده‌ستيانپێكرده‌وه‌.

شه‌وى رابردوو، سه‌دان هاووڵاتى خۆپيشانده‌ر، هه‌ڵيانكوتايه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى نه‌جه‌ف.

به‌ هۆى خۆپيشاندانه‌كانه‌وه‌، گه‌شته‌كانى فڕۆكه‌خانه‌ى نه‌جه‌ف راگيران و سه‌رجه‌ميان گواسترانه‌وه‌ بۆ به‌غدا.

خۆپيشاندان له‌ شارى نه‌جه‌ف هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆله‌ ناڕه‌زايه‌تييه‌ى له‌ پارێزگاكانى باشوورى عێراق ده‌ستيپێكردووه‌.

دانيشتوانى به‌سره‌، نه‌جه‌ف، زيقار، ميسان و واست رۆژانه‌ خۆپيشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ن و داواى باشكردنى ره‌وشى گوزه‌ران و دابينكردنى ئاو و كاره‌با ده‌كه‌ن.

هێزه‌ ئه‌منييه‌كان شه‌وى رابردوو بڕيارى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆيان به‌سه‌ر نه‌جه‌فدا سه‌پاند و به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆ قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆيان هه‌ڵگرت.

ئه‌مڕۆ شه‌شه‌م رۆژه‌ له‌ به‌سره‌ خه‌ڵك ناڕه‌زايه‌تى ده‌رده‌بڕێت و خۆپيشاندان ئه‌نجامده‌دات.

دوێنێ هه‌ينى له‌ پارێزگاى ميسان، هاووڵاتييه‌كى خۆپيشانده‌ر به‌ فيشه‌كى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان گيانى له‌ده‌ستدا و 15 هاووڵاتى ديكه‌ بريندار بوون.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دوێنێ حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق له‌ برۆكسله‌وه‌ گه‌ڕايه‌وه‌ عێراق و سه‌ردانى به‌سره‌ى كرد.

خۆپيشانده‌رانى به‌سره‌ شه‌وى رابردوو هه‌ڵيانكوتايه‌ سه‌ر ئه‌و ميوانخانه‌يه‌ى كه‌ عه‌بادى تێيدا مابوويه‌وه‌.






k24
Top