ڕه‌وتى سه‌در سه‌رچاوه‌ى داهاتى خۆى ئاشكرا ده‌كات

 ڕه‌وتى سه‌در سه‌رچاوه‌ى داهاتى خۆى ئاشكرا ده‌كات
دواى دابه‌شكردنى قه‌ره‌بووى دارایی به‌سه‌ر زیانلێكه‌وتووانى ته‌قینه‌وه‌ى كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى له‌ناوچه‌ى سه‌در له‌ به‌غدا له‌لایه‌ن ڕه‌وتى سه‌در، به‌رپرسی نووسینگه‌ى ڕێبه‌رى ڕه‌وتى سه‌در، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، سه‌رچاوه‌ى داهاتى ڕه‌وته‌كه‌ى ئاشكرا كرد.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌، شاندێك به‌نوێنه‌رایه‌تی موقته‌دا سه‌در، پاره‌ى قه‌ره‌بوویان ڕاده‌ستى ئه‌و خێزانانه‌ كرد، كه‌ به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ له‌ناوچه‌ى سه‌درى به‌غدا، زیانیان پێگه‌یشت. دواتر له‌لایه‌ن چالاكوانانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، داواى ئاشكراكردنى سه‌رچاوه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ و داهاتى ڕه‌وته‌كه‌، كرا.

زیا ئه‌سه‌دی، به‌رپرسی نووسینگه‌ى موقته‌دا سه‌در، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند: "زۆرێك له‌داهاتى ڕه‌وته‌كه‌، له‌ بڕینی مووچه‌ى كارمه‌ندان و به‌رپرسانى سه‌ر به‌ڕه‌وته‌كه‌یه‌ ، كه‌ له‌ ده‌زگا حكوومییه‌كان ده‌وام ده‌كه‌ن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ به‌شێكى تر له‌ داهاته‌كه‌، له‌و به‌خشینانه‌یه‌ كه‌ بازرگانان و سه‌رمایه‌داران و هاوسۆزانى ڕه‌وتى سه‌در خۆبه‌خشانه‌ پێشكه‌شى ڕه‌وتى سه‌درى ده‌كه‌ن.

له‌ 6ى حوزیرانى 2018 ، به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى له‌ناو یه‌كێك له‌ حوسه‌ینییه‌كانى شارۆچكه‌ى سه‌در له‌ به‌غدا كه‌ سه‌ر به‌ ڕه‌وتى سه‌در بوو، ده‌یان كه‌س بوون به‌ قوربانیی و ده‌یان خانووش ڕووخان.








باسنيوز
Top