دوای ساڵێک هێشتا منارە تەقێندراوەکەی مزگەوتی نوری چاک نەکراوەتەوە
رۆژی 10/7/2017، حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رزگارکردنەوەی تەواوەتیی شاری مووسڵی لەژێر داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، راگەیاند.
نزیکەی مانگێک پێش رزگارکردنەوەی مووسڵ، چەکدارانی داعش مندارەی حەدبایان تەقاندەوە، کە منارەیەکی مێژوویی بوو و لەناو مزگوتی نوری، دروست کرابوو.
دوی داگیرکردنی شاری مووسڵ، ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی داعش لەو مزگەوتە وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا خەلافەتی داعشی راگەیاند و خۆی وەک خەلیفەی ئەو رێکخراوە ناساند.
هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن، کە دوای ساڵێک لە رزگارکردنەوەی، هێشتا حکوومەتی عێراق مزگەوت و مندارەکەی چاک نەکردووەتەوە، ئەگەرچی یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی مووسڵ و عێراق.
هاووڵاتییان پێیان وایە بەهۆی ئەوەی ئەو هاووڵاتییانی شاری مووسڵ بە گشتی موسڵمانی سوننەمەزهەبن، حکوومەتی عێراق، کە بەرپرسانی شیعەمەزهەب بەڕێوەی دەبەن، نایانەوێ شارەکە و منارەی ئەو مزگەوتە ئاوەدان و دروست بکەنەوە.
منارەی حەدبا کەوتووەتە بەشی رۆژئاوای شاری مووسڵ و ناو مزگەوتی نوری لە ساڵی 1170ـی زاینی دروست کراوە و مزگەوتەکەش بە مزگەوتی گەورە دەناسرێت.
لە رۆژانی 9 و 10/6/2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لەماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای پڕچەکی عێراق هێنا و زۆرینەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز