ئاوارەكانی جەلەولا و سەعدییە لەبەر حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان
ئەمڕۆ چوارشەممە 11/7/2018، وشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە لیستی یەكێتی، ڕاگەیاند: ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای دیالەی كرد و لەگەڵیدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی سنووری پارێزگای دیالە و جموجۆڵەكانی تیرۆریستانی داعش و دۆخی ئاوارەكانمان كرد، بەڵام عەبادی زۆر بە جدی ئەو تەوارانەی وەرنەگرت، پاشان ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەمان بە میوانداریی فەرماندەی گشتی پۆلیسی دیالە ئەنجام دا و لەو كۆبوونەوەدا بە ئاشكرا بە فەرماندەی پۆلیسی دیالە ڕاگەیەندرا كە ئاوارەییەكی زۆر هەیە و ڕێگەیان پێ نادرێت بگەڕێنەوە کە بریتین لە خەڵكی شارەدێیەكانی جەلەولا و سەعدییە و شوێنەكانیتر".
گوتیشی، ئەو خەڵكانە لە سەروبەندی داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014ەوە ئاوارە بوونە و پاشان كە ناوچەكانیشیان ئازاد كراوە، ئێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دیاریش بوو لە كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ عەبادی كە ئەو فشارە ناكات و ڕێگە خۆش ناكات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.
لەبارەی ئەوەی ئاوارەكانی جەلەولا و سەعدییە، ئێستا لەبەر بوونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان، وشیار ئیسماعیل، گوتی، بەڵێ ئەوانەی كە لەبەر ئەو چەكدارانە ناتوانن بگەڕێنەوە ژمارەیان یەكجار زۆرە و تەنانەت ئەگەر شارەدێی سەعدییە باس بكەین تەنیا بەشێك لە هاووڵاتییان گەڕاونەتەوە ناوەندی شاردێكە ئیتر خەڵك نەگەڕاوتەوە گوندەكانی دەوروبەری.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 هەردوو شارەدێی جەلەولا و سەعدییە سەر بە شاری خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە لەلایەن داعشەوە داگیر كران و خەڵكەكەی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، پاشان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رزگار كرانەوە و ئینجا لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كران.
باسنیوز