هاووڵاتییان لە شارەکانی عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژی دووشەممە 9/7/2018، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان لە ناوچەی دۆڵی خەزەر لە باشووری پارێزگای موسەننا رێگایەکی سەرەکیی پارێزگاکەیان گرتووە.
ئەو هاووڵاتییانە داوا دەکەن حکوومەت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاو، کارەبا و رێگاوبانیان بۆ دابین بکات و گەنجانی ناوچەکە لە پرۆژەکانی ناوچەکە بخاتە سەر کار.
هەر لە دژی خراپیی خزمەتگوزارییەکان بە تایبەت ئاو و کارەبا، هاووڵاتییانی بەسرە دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و داوا دەکەن زۆرینەی بەرپرسانی شارەکە بگۆڕدرێن و خەڵکی بەسرە لەشوێنیان دابندرێن.
خۆپیشاندەرانی بەسرە هەروەها داوا دەکەن ئەو کەسانەی فەرمانی تەقەکردنیان بەسەر خۆپیشاندەراندا داوە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێ و سزا بدرێن.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، دەیان میلیشیا و گرووپی مافیایی لەو وڵاتە دروست بوون و دەستیان بەسەر جومگەکانی حوکمڕانیدا گرت و حکوومەتیش جگە لە ناوچەی سەوزی بەغدا، هیچ بارەگایەکی سەرەکی لە هیچ ناوچەیەکی دیکەی عێراق نییە.
باسنيوز