ئەسەدی لێدوانێک لەبارەی ئەنجامی سەردانی هاوپەیمانیی فەتح بۆ کوردستان دەدات
ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژ و سەرکردەی باڵای فەتح بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، هەموو دیدارەکانی شاندەکە لە هەولێـر، ”دروستکەر و بەرهەمدار بوون و لێک نزیکبوونەوەی زۆر لە بیروڕاکان هەبوو“.
ئەحمەد ئەسەدی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد رێک کەوتوون لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان بەمەبەستی گەیشتن بە پرۆژەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بەپێی دەستوور.
ئێوارەی رۆژی هەینی 6/7/2018، شاندێکی هاوبەشی هاوپەیمانیی فەتح و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەردانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان کرد.
شاندەکە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بووەوە.
رۆژی 12/5/2018، لە هەموو شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و بەپێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش، هاوپەیمانیی فەتح 47 کورسی بە دەست هێنا و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە بەدەستهێنانی 25 کورسی، بوو بە پێنجەمی لیستە سەرکەوتووەکان.
باسنيوز