عێراق سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێ توندوتۆڵ دەکات

عێراق سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێ توندوتۆڵ دەکات
عێراق سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێ توندوتۆڵ دەکات و هەوڵی رێگریکردن لە هاتوچۆی چەکداران دەدات.

سەرچاوەیەک لە پاسەوانی سنووری عێراقی لە پارێزگای ئەنبار بە (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دەستی کردووە بە کۆڵینی خەندەقێک بە درێژایی 20 کیلۆمەتر لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا.

خەندەقەکە لە نێوان شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار و سنوورەکانی رۆژهەڵاتی سووریا دروست دەکرێ. شەش مەتر پانە و سێ مەتریش قووڵە و چەندین خاڵی چاودێریی سەربازیشی لەسەر دروست دەکرێت.

توندوتۆڵکردنی ئەو سنوورانە بە مەبەستیرێگریکردنە لە هاتوچۆی چەکدارانی توندڕەو بەتایبەت چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە نێوان هەردوو وڵات.

هەرچەند لە سەرەتای مانگی 12ـی 2017ـەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکەوتنی هێزەکانی وڵاتەکەی و کۆتاییهاتنی داعشی لە وڵاتەکەیدا راگەیاند، بەڵام چەند مانگێکە ئەو چەکدارانە دەستیان بە جموجۆڵ و کردەی تیرۆریستی لە شارەکانی عێراق کردووەتەوە.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.









باسنيوز
Top