رۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جه‌دید : باڵیۆزخانەی ئەمەریكا له بەغدا مەترسی لەسەرە

رۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جه‌دید : باڵیۆزخانەی ئەمەریكا له بەغدا مەترسی لەسەرە
رۆژنامه‌ی "عه‌ره‌بی جه‌دید" بڵاویكرده‌وه‌، دوای گه‌یشتنی زانیاری له‌سه‌ر نیازی گروپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ئێران له‌ عێراق، باڵیۆزخانه و هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ به‌غدا رێوشوێنی توندی ئه‌‌منی گرتۆته‌ به‌ر.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئاشكرایكردووه‌، هۆكاری ئه‌و گرژیانه‌ به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان تاران و واشنتۆنه‌، كه‌ دواجار به‌هۆی كشانه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزا ئابوورییه‌كان بۆ سه‌ر ئێران، دۆخی ئابووری ئێران داڕووخاوه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منیش درووست كردووه‌، بۆیه‌ گروپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق به‌نیازی هێرشكردنه‌ سه‌ر پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكان.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ نووسیویه‌تی، گروپه‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به‌ ئێران له‌ناو شاری به‌غدا ده‌ستیان به‌ هه‌ڵواسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری پۆسته‌رات كردووه‌، كه‌ تێیدا هه‌ره‌شه‌ له‌ نوینه‌رایه‌تی و هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كه‌ن.

وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌ به‌رپرسێكی باڵای عێراقی گواستۆته‌وه‌، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌رانه‌ و زیادبوونی ده‌نگۆی نیازی 9 گروپی چه‌كداری سه‌ر به‌ ئێران بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌وتۆته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی و رێوشوێنی توندی ئه‌منی گرتۆته‌ به‌ر و له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌وه‌ چاودێری بنكه‌ و پێگه‌كانی خۆی ده‌كات.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به‌ ئێران له‌سه‌ر پۆسته‌ره‌كان ده‌سته‌واژه‌ی مه‌ترسیداریان نووسیوه‌، له‌وانه‌ش "مردن بۆ ئه‌مه‌ریكا" و "تره‌مپی تاوانبار" و له‌ باخچه‌، شوێنه‌ گشتییه‌كان، ناوه‌ڕاستی شه‌قام و باڵاخانه‌ به‌رزه‌كان هه‌ڵیانواسیوه‌".

رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی دیكه‌ی عێراقی باسی ئه‌وه‌شی كردووه‌، ئاماژه‌كان ده‌ركه‌وتوون كه‌‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان تاران و واشنتۆن ده‌بنه‌ هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئه‌منی عێراق، چونكه‌ عێراق بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاشكرایكرد، "فرۆكه‌كان له‌ ئاسمانی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ ده‌سووڕێنه‌وه‌ كه‌ باڵیۆزخانه‌ و هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانی لێیه‌، ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌هۆی داعش نییه‌، به‌ڵكو به‌هۆی هه‌ره‌شه‌كانی ئه‌و گروپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌ كه‌ سه‌ر به‌ ئێرانن و ژماره‌یان زیاتر له‌ 9 گروپی چه‌كدارییه‌".

ئه‌م گرژیانه‌ش دوای ئه‌وه‌ هاتوون، زمانی نێوان تاران و واشنتۆن زبرتر بووه‌ و شرۆڤه‌كاران تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه‌، ئێران ده‌ستی به‌ جمووجووڵ كردووه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ عێراقییانه‌ هێرشی سه‌ر پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات، كه‌ فه‌رمان له‌ تاران وه‌رده‌گرن، شاره‌زایانی ئه‌منی و سیاسیش هۆشداری له‌وه‌ ده‌ده‌ن، له‌ئه‌گه‌ری ئه‌و گرژیانه‌ عێراق به‌ره‌و گێژه‌ڵۆكێكی دیكه‌وه‌ ببرێت، كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت پێشبینی ده‌ره‌نجامه‌كانی بكات.


K24-
Top