"مه‌رگ بۆ ئه‌مریكا" گه‌یشته‌ شه‌قامه‌كانی به‌غدا

له‌ شه‌قامه‌كانی شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق، به‌ درووشمی "مه‌رگ بۆ ئه‌مریكا" وێنه‌ی كاریكاتێریی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دانراوه‌و به‌ پیاوكوژ و ماددی و خوێنڕێژ ناوی ده‌به‌ن.

به‌گوێره‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌ك كه‌ ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، نه‌یارانی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ قۆناخی قسه‌كردن ده‌رباز بوون و ئیستا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان درووشم و وێنه‌ی دژی ئه‌مریكا و دۆناڵد تره‌مپ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و به‌ هاشتاگی "مه‌رگ بۆ ئه‌مریكا" دژی سیاسه‌ته‌كانی واشنتن له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن.

بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ی كاریكاتێری دژی ئه‌مریكا و تره‌مپ له‌ كاتیكدایه‌، به‌م دوواییانه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنووره‌كانی عێراق و سووریا به‌هۆی مووشه‌كبارانكردنیان كوژران و به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مه‌ریكا به‌ ئه‌نجامدانی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن".



درووشمی "مه‌رگ بۆ ئه‌مریكا" ئیرانییه‌كان به‌كاریده‌هینن و به‌گوێره‌ی درووشمه‌كه‌ بێت ئه‌و هێزانه‌ی له‌ تارانه‌وه‌ نزیكن له‌ پشت بڵاوكردنه‌وه‌ی كاركاتێره‌كانی دژی تره‌مپه‌وه‌ن. ئه‌وكاریكاتێرانه‌ی له‌ پرچی (قژی) تره‌مپه‌وه‌ مووشه‌كی ئاگرین ده‌رچووه‌و وه‌ك ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ مووشه‌كبارانكردنی ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و به‌ شه‌ڕانگێز و خوێنریژیش ناوی ده‌به‌ن".

پێشتر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چه‌ند گرووپێكی ناو حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن خستبووه‌ ناو لیستی تیرۆره‌وه‌و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ حزبوڵڵای عێراق و عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌قیش به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كه‌ن. له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كیشدا ئاڵای ئه‌مریكا له‌ به‌ر پێی میلیشیا چه‌كداره‌كاندا راخراوه‌و سوتێنراوه‌.


K24
Top