وادەی یاسایی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی هات
زانا ڕۆستایی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، ئەمڕۆ شەممە 2018/6/30 دوایین ڕۆژی كاركردنی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد هەرچەندە درێژكردنەوەی وادەی پەرلەمان لە بەرنامەی كاردا نەبووە، بەڵام ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون کە بڕیار بوو تایبە بکرێت بە دەنگدان لەسەر درێکردنەوەی تەمەنی خولی سێیەمی پەرلەمان.
تەواونەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كە تایبەت بوو، بە پرسی ئەژماركردنی تەواوی دەنگەكان، لەكاتێكدایە كە دوێنی هەینی بۆ ئەمڕۆ دوا خرابوو.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا چەند فراکسیۆنێکی ناو پەرلەمانی عێراق و بەتایبەت ئەوانەی لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگی متمانەیان بەدەست نەهێنابوو، هەوڵی درێکردنەوەی وادەی کاریی پەرلەمانیان دا کە سەری نەگرت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست كەوتوون، سەلیم جبوری، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەفەری بۆ توركیا كردووە.
باسنیوز