هه‌وڵی سووتاندنی كۆگای سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌درێت

هه‌وڵی سووتاندنی كۆگای سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌درێت
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای به‌غدا رایگه‌یاند، هێزه‌كانی پۆلیس، هه‌وڵێكی سووتاندنی كۆگای سندووقه‌كانی ده‌نگدانی پووچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه‌.

وێبسایتی "سكای پرێس"ی عێراقی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، چه‌ند كه‌سێك له‌و كاته‌ی ویستوویانه‌ی كۆگایه‌كی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن بسووتێنن، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق، له‌لایه‌ن پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.

سه‌رچاوه‌كه‌ راشیگه‌یاندووه‌، پاسه‌وانانی كۆگاكه‌، به‌ هاوكاری هێزه‌كانی ناوخۆ، توانیویانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ هه‌وڵیانده‌دا گڕ له‌ كۆگاكه‌ به‌ربده‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ده‌ستگیركراوان له‌ رێگه‌ی په‌نجه‌ره‌كانی كۆگاكه‌وه‌ دزه‌یان كردووه‌ و مادده‌ی سووتێنه‌رییان پێبووه‌.

پێشتر له‌ 10ی حوزه‌یران، یه‌كێك له‌ كۆگاكانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق له‌ كه‌رتی ره‌سافه‌ی به‌غدا، كه‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدانی 12ی ئایاری رابردووی تێدا هه‌ڵگیرابوو، سووتان و ئه‌مڕۆش جارێكی دیكه‌ هه‌وڵی سووتاندنی كۆگایه‌ك دراوه‌.
k24-
Top