به‌سره‌ بووه‌ته‌ به‌نده‌ر بۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر

به‌سره‌ بووه‌ته‌ به‌نده‌ر بۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پاریزگای به‌سره‌ی باشووری عێراق رایگه‌یاند: "چه‌ند لایه‌نێكی حزبی و سیاسی له‌ پشت ھێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ن و له‌ كوه‌یت و ئێرانه‌وه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی ناسنامه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ئۆتۆمبێله‌كانی حكوومه‌تیش له‌نێوان پارێزگاكانی عێراقدا به‌ئاسانی هاتووچۆ ده‌كه‌ن‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/6/2018 سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئاگادار رایگه‌یاند: "هه‌ندێك لایه‌ن سه‌رپه‌رشتی ھێنانه‌ ناوه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر بۆ پارێزگای به‌سره‌ ده‌كه‌ن و له‌وێشه‌وه‌ ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق. هه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ كاتی ده‌ستگیركردن و دادگاییكردنی ئه‌ندامه‌كانیان، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دادوه‌ره‌كان ده‌كه‌ن و ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر فه‌رمانی ئازادكردنیان ده‌رنه‌كه‌ن ده‌كوژرێن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بازرگانی به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن بڕیاری ئازادكردنیان بۆ ده‌رده‌كرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ی بازرگانی به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ ناسنامه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، ئۆتۆمبێله‌كانی حكوومه‌تیش بۆ گواستنه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌كارده‌هێنن و له‌نێوان پارێزگاكانی عێراقدا به‌ئاسانی هاتووچۆ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ناسنامه‌ی لایه‌نه‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كانیان پێیه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ بازگه‌كان و خاڵه‌كانی پشكنین ده‌په‌ڕنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و ئێران".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌سره‌ وه‌ك ده‌روازه‌ی یه‌كه‌می هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر ناوده‌بات و ده‌ڵێت: "هه‌ر چه‌نده‌ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وام ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆری مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا ده‌گرن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و هۆكارانه‌وه‌ ناتوانن كۆنترۆڵی ئه‌و بازرگانییه‌ و لایه‌نه‌كانی پشتی بكه‌ن.



K24
Top