(نیویۆرك تایمز) ژمارەی كاندیدەكانی سائیرون بۆ سەرۆكی حكوومەت ئاشكرا دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی ژمارەی كاندیدەكانی هاوپەیمانی (سائیرون)ی بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر ئاشكرا كرد. ئاماژەشی بەوەدا موقتەدا سەدری كۆنە دوژمنی ئەمریكا هاوپەیمانییەكی سەیری لەگەڵ حەیدەر عەبادی هاوپەیمانی ئەمریكا و سەرۆكی لیسی (نەسر)دا پێكهێناوە.
رۆژنامەكە هەروەها ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی بەجێی گومان و ساختەكار ناوبردووە و رایگەیاندووە سەرباری دۆخی ناسەقامگیری سیاسی، هەریەك لە عەبادی و سەدر سوورن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
رۆژنامەكە رایگەیاندووە كە هاوپەیمانی سائیرون ناوی پێنج كاندیدی ئامادە كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق.
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەكەی نێوان سەدر و عەبادی بووە جێی سەرسڕمانی چاودێرانی دۆخی عێراق، لەبەرئەوەی پێش چەند رۆژێك سەدر لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی (فەتح)ی براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانییەكی فەرمی ئیمزا كردبوو.
bas news-