حەشدی شەعبی هێرش دەكاتە سەر حكوومەتی عێراق
رۆژی 16ی ئەم مانگە، هێزەكانی حزبوڵای عێراقی و حزبوڵای لبنانی و هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد لە ناوچەی بوكەمالی سەر سنووری سووریا و عێراق لەلایەن فڕۆكەی نەناسراوەوە بۆردوومان كرابوون، ئەمەش ناكۆكییەكی گەورەی خستبووە نێوان عەبادی و میلیشیاكانی حەشد، ئەوكات ئاماژە بەوە درابوو كە فڕۆكەی ئیسرائیلی بۆردوومانەكەی كردووە، بەڵام لە ئێستەدا فەرماندەیەكی حەشد دەڵێ هاوپەیمانان بەرپرسن لەم هێرشە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی بەریتانی، ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی گشتیی میلیشیاكانی حەشد، هێرشی كردە سەر بێدەنگی حكوومەتی عێراق بەرانبەر ئەو بۆردوومانەی كرایە سەر حەشد لەسەر سنووری سووریا و تیایدا 22 چەكداری حەشد كوژران، راشیگەیاند فڕۆكەی ئێرانی بەئارەزووی خۆیان ئاسمانی عێراقی پێشێل دەكەن بۆ یارمەتیدانی رژێمی ئەسەد، بەبێ ئەوەی بەغدا ورتەی لێوە بیت.
موهەندیس ئاماژەی داوە كە حەشدی شەعبی دەزگایەكی ئەمنیی فەرمی عێراقە، دەبێ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق وەڵامی ئەو دەستدرێژیانە بدەنەوە كە دەكرێتە سەر حەشد.
ئاماژەشی بەوە كردووە كە ئەو ناوچەیەی هێزەكانی حەشدی تێدا بۆردوومان كراوە، لەسەر سنووری عێراق بووە نەك خاكی سووریا، هێزەكانی هاوپەیمانانیش بەرپرسن لەو بۆردوومانەی كراوەتە سەر حەشد.
هەمان سەرچاوە دووپاتی كردبووەوە كە بۆردوومانەكەی ناوچەی ئەلبوكەمال، لەلایەن فڕۆكەكانی سوپای ئیسرائیلەوە بەوردەكارییەكی زۆر پێشكەوتووەوە ئەنجام درابوو، كە لە ئەنجامدا دەیان چەكداری میلیشیاكانی حزبوڵای عێراقی سەر بەحەشدی شەعبی و حزبوڵای لبنانی و چەكداری رژێمی ئەسەد تیایدا كوژراون.
لە كاتێكدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، كە سەر بەفەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە و راستەوخۆ لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەكرێ، لەبارەی هێرشەكەی پێرێی ئەلبوكەمال رایگەیاند هیچ هێزێكی عێراقی لەنێو خاكی سووریادا نەكەوتوونەتە بەر بۆردوومان و نەكوژراون. دووپاتیشی كردووەتەوە هێزەكانی عێراق تەنها لەنێو خاكی عێراقدا و لەسەر سنوورەكان بەرانبەر سووریا جێگیر كراون.
ژمارەی تەواوی كوژراوەكانی بۆردوومانەكە 60 چەكداری تێپەڕاندووە، كە 22یان سەر بەمیلیشیای حزبوڵای عێراقین، ئەوانی تریش چەكداری رژێمی ئەسەدن. هەروەها بەشێك لە تەرمی كوژراوە عێراقیەكان گەیشتوونەتەوە شاری نەجەف.
باسنيوز