حەشدی شەعبی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

 حەشدی شەعبی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڕەشە لە ئەمریکا و هێزەکانی ئەو وڵاتە دەکات و رایدەگەیەنن، ”بێ دەنگ نابین“.



ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە، چەکدارەکانیان پارچەی ئەو مووشەکانەیان کۆ کردووەتەوە، کە لەسەر سنووری نێوان سووریا و عێراق لەسەر خاکی سووریا، پێیان بۆردومان کران.



ئەبو مەهدی موهەندیس هەروەها رایگەیاندووە، ئەو پارچانە دەیسەلمێنن، کە بۆردومانەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە ئەنجام دراوە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیش لەبەرامبەر ئەو لێدانە، ”بێ دەنگ“ نابن.



رۆژی دووشەممە 18/6/2018، چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ژمارەیەک بنکە و بارەگای میلیشیاکانی حەشدی شەعبییان لەسەر خاکی سووریا لەنزیک سنوورەکانی رۆژئاوای عێراق بۆردومان کرد و بووە هۆی کوژرانی 22 چەکداری ئەو میلیشیایانە.





باسنیوز
Top