بەرپرسێکی یەکێتی: بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان پرۆسەی سیاسیی عێراق پەک دەخات
ئاسۆس عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی یەکێتیی لەسەر ئەو کۆبوونەوەی کە بڕیارە پەرلەمانی عێراق بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بیکات، ڕايگەیاند: "نەخوێندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، مایەی تێکچوونی باری ئەمنی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم وڵاتەیە، بۆیە لەڕاستیدا یەکێتی بۆ ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نییە، کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئارامیی ئەم وڵاتە بشێوێت، هەروەها بەشێک لەو بیانوانەی بەناوی تەزویرەوە وا دەکەن پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتە پەکی بکەوێت، کەمتر نییە لەوەی کە لە شوێنێک تەزویر کرابێت، چونکە تاوانەکەی هاوتایە".
سەرکردەکەی یەکێتی گوتیشی: "بڕیارێکی لەو شێوەیە پێم وایە پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەک دەخات و بەرەو لێواری هەڵدێر و خراپی دەبات".
ئاسۆس عەلی ڕوونیشی کردەوە: "ئەوان ناڵێن پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق 100% پاک بووە، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ، زۆر هەستیارە و دونیا چاوی لەوەیە حکوومەت زوو پێک بێت و پەرلەمان بکەوێتە کار و حکوومەتیش بکەوێتە سەر سکەی خۆی، چونکە ئێستا دۆخی سیاسیی عێراق نالەبارە و تورکیاش کۆمەڵێک پلان و بەرنامەی هەیە و ناوچەکەش کۆمەڵێک گرفتی هەیە".
لەبارەی ئەوەی ئایا پەرلەمانتارانی یەکێتی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی دەیکات، بەشدار دەبن؟، ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتی: "نازانم و ئاگام لەوەیان نییە".
باسنيوز