دوو مانگی دیكە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن یەكلایی دەكرێتەوە

دوو مانگی دیكە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن یەكلایی دەكرێتەوە
پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆسەی یەكلایی كردنەوە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دوو مانگی دیكە درێژە دەكێشێت، ئەگەر كێشەشی تێبكەوێت ماوەكە زیاتریش دەبێت.

عادل نووری، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست لانی كەم 10 رۆژی پێدەچێت، دواتر ماوەیەك دیاردەكرێت بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان ئەگەر تانەیان ھەیە رادەستی ئەو لیژنەیەی دەكەن كە لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان ھەیە، ئەمەش ھەفتەیەكی دیكەی پێدەچێت بۆ پێداچوونەوە. لە دوای ئەوە ئەنجامەكان دەنێردرێت بۆ دادگای فیدراڵی، واتا ئەو پرۆسەیە دوو مانگی دەوێت، ئەگەر ھیچ كێشەك روونەدات. بە مەرجێك رێژەی ساختەكاری نەچێتە سەرووی 10%، كە من پێم وایە 40%ی دەنگەكانیشیان نامێنێ، ئەگەر بەوشێوەیە بێت ئەوكات ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن ھەڵدەوەشێتەوە، چونكە باوەڕپێكراونابێت".

رۆژی 21/6/2018، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەبارەی تانەی قەوارە سیاسییەكان سەبارەت بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، بە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەسەر سكاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ وەك ھێزەكانی دیكەی عێراق ھەژمار دەكرێ. ھەروەھا دەنگی ئەو سندووقانەش بە دەست ھەژماردەكرێنەوە، كە تانەیان لەسەرە و گومانی ساختەكاریان لێدەكرێت.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12/5/2018، بەڕێوەچوو، بەھۆی ناڕەزای لایەنە سیاسییەكان و تانەدان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، ھێشتا ھیچ ھەنگاوێكی جدی بە ئاراستەی پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق نەنراوە.







K24
Top