سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی قه‌راری عێراقی ده‌ڵێت: "سوننه‌ په‌راوێز بخرێت، ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی سه‌قامگیریی

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی قه‌راری عێراقی ده‌ڵێت:
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی قه‌راری عێراقی ده‌ڵێت: "سوننه‌ په‌راوێز بخرێت، ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی سه‌قامگیریی، له‌باره‌ی هاوپه‌یمانێتی نێوان سائیروونی سه‌در و فه‌تحی عامریش پێیوایه‌ نابێته‌ هۆی درووستبوونی نیگه‌رانی و دڵه‌راوكێ.

خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی قه‌راری عێراقی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 23/6/2018‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌ڵمانی رایگه‌یاندووه‌: "سوننه‌ پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی پێكهاته‌كانی عێراقه‌ و ناكرێت په‌راوێز بخرێت، ئه‌زموونی پاش ساڵی 2003 تا ئێستاش سه‌لماندوویه‌تی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك به‌ تایبه‌تی سوننه‌ په‌راوێز بخرێت، جگه‌ له‌ زیادبوونی كێشه‌ و نه‌مانی سه‌قامگیریی هیچ دیكه‌ی لێناكه‌وێته‌وه‌".

خه‌نجه‌ر به‌توندی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ رۆڵی سوننه‌ و كورد له‌ دانووستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێدا وه‌ك ته‌واوكاری هاوپه‌یمانێتییه‌كانی دیكه‌ بێت له‌ پێناو پێكهێنانی كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان و ده‌ڵێت: "ده‌بێت گه‌ره‌نتی هه‌بێت و به‌شداریی جددی له‌ گفتوگۆكانی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و پێكهێنانیدا بكه‌ن".

هاوپه‌یمانی قه‌راری عێراقی به‌ سه‌رۆكایه‌تی خه‌میس خه‌نجه‌ر، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی رۆژ 12/5/2018 توانی 14 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌ر چه‌نده‌ هێشتا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق دوا بڕیاری له‌باره‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی هةڵبژاردنه‌كه‌وه‌ نه‌داوه‌.





K24
Top