هێزێكی زۆری ئەمنی لە كەرادە و ئەبونەواسی بەغدا بڵاوبوونەتەوە

 هێزێكی زۆری ئەمنی لە كەرادە و ئەبونەواسی بەغدا بڵاوبوونەتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزێكی زۆری ئەمنی لە هەردوو ناوچەی كەرادە و ئەبونەواسی ناوەڕاستی شاری بەغدا بڵاو كراونەتەوە، سەرچاوەیەكی ئەمنییش هۆكارەكەی بۆ بڕیارێكی وەزارەتی ناوەخۆ گەڕاندووەتەوە لەبارەی نەهێشتنی خواردنەوەی مەی لە دەرەوەی ماڵاندا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم)ی ئاشكرا كردووە، بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنی و كاروانەكانی پۆلیس بەنێو گەڕەكەكانی ئەبو نەواس و جادریە و ناوچەی كەرادە لە بەغدا بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیە لە قەدەخەكردنی دیاردەی خواردنەوەی مەی لەسەر شەقامەكانی بەغدا و نێو شاردا.

هەڵمەتە بەرفرەوانەكەی هێزە ئەمنیەكان لە شاری بەغدا بەسەرپەرشتی و بەشداری راستەوخۆی قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ جێبەجێ دەكرێت.

دوێنێ چوارشەممە قاسم ئەعرەجی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند ڕێوشوێنی یەكلاكەرەوە دەگرنەبەر بۆ نەهێشتنی دیاردەی خواردنەوەی مادە كحولیەكان لەسەر شەقامەكانی شارەكانی عێراقدا.

وەزارەتە عێراقیەكە خواردنەوەی كحولی بەهۆكاری لەناوچوونی داهاتووی گەنجان و تێكدانی بەها باڵاكانی كۆمەڵگەی عێراقی وەسف كردبوو. داواشی لە وتاربێژانی مزگەوتەكانی عێراق كردبوو ڕۆڵی خۆیان ببینن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و پتەوكردنی بەها پیرۆزەكانی كۆمەڵگە.










باسنيوز
Top