داعش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕێگای کەرکووک - بەغدای داخست
بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی داعش لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەو بۆشاییە ئەمنییەیان قۆستووەتەوە کە بەهۆی لاوازیی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا هەیە و ڕێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و بەغدایان دەست بەسەردا گرتووە.
لەمبارەیەوە محەمەد عومەر، بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: "کاتژمێر ١٠ ی شەوی ڕابردوو ١٧/٦/٢٠١٨ تا کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٨/٦/٢٠١٨، چەکدارانی ڕێکخراوی داعش ڕێگای سەرەکی کەرکووک ـ بەغدایان لەنێوان شارەدێی عوزێم و قەرەتەپە لە سنووری ناوچەی حەمرین داخستووە".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو، کە دەنگۆی ئەوە ھەیە چەکدارەکان ژمارەیەک شۆفێریان کوشت بێت، بەڵام بە فەرمی ھیچ زانیارییەکی لەوشێوەیان تائێستا پێ نەگەیشتووە.
ئاشکراشی کرد، کە جموجوڵی ڕێکخراوی داعش لەسنووری حەوزی حەمرین زۆر زیادیکردووە، گوتیشی: ”ئەگەر پێشتر بەشەواندا دەرکەوتبن، ئێستا ڕۆژانە بەئاشکرا جموجوڵەکانیان دەبینرێت".
باسنیوز