کەنداوي بەسڕە پڕ سامانە بۆتە زبڵخانە و ئاوەکەشی هێندەی لە ئاوەڕۆی زێرابەکان دەچێت

کەنداوي بەسڕە پڕ سامانە بۆتە زبڵخانە و ئاوەکەشی هێندەی لە ئاوەڕۆی زێرابەکان دەچێت
رۆژگارێک ئاوی سازگار و شێوە نۆکەندییەکەی بەسرە ناوی ڤینیسیای رۆژهەڵاتیان بەسەر ئەو شارەی عێراقدا سەپاندبوو. کۆڵانەکانی بۆنی شەتولعەرەبی لێدەهات، رووبارەکە، شارەکەی کردبوو بە دوو بەشەوە، کاتێک دەتبینی تەواو ئەفسانەی سندیبادت دەهاتەوە پێش چاو کە چۆن کەنارەکانی بەسرەی بەرەو گەشتەکەی جێهێشتووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمزی ئەمریکی، بەسرە مێژوو و جیوگرافیایەکی دەگمەنی هەیە. دەبوو ئەو شارە ئێستا پڕ بوایە لە رەونەق، بەوەی تاکە بەندەری عێراق و دەروازەی ئێرانیشە. دانیشتوانەکەی دوو ملیۆن کەسە، ژێرخانی نەوتی بە 200 ملیار بەرمیل نەوت مەزندە دەکرێت، ئەو ڕێژەیەش 80%ـی ژێرخانی نەوتی هەموو عێراقە.

بەڵام ئێستا ئەو کەنداوە پڕ سامانە بۆتە زبڵخانە و ئاوەکەشی هێندەی لە ئاوەڕۆی زێرابەکان دەچێت ئەوەندە سیمای رووبار و بەندەری پێوە دیارنییە. کەشتییەکان بوونەتە ئاسەوار و رێگا ئەفسووناویەکانی لە وێرانە دەچن، لەگەڵ ئەوەش کە چەندین کۆمپانیای جیاوازی بیانی وزە بوونیان هەیە، به‌لام رێژەی بێکاریی ئاستێکی بەرزی هەیە.

ئەگەرچی داعش دەستی بەم شارە نەگەیشت، بەڵام هاتنی داعش بۆ عێراق و بێ هێزی حكوومەتی بەغداو بوونی چەندین بەرە و خێڵی جیاواز کە بایاسا و دەستووری خۆیان کار دەکەن و گەندەڵی بێ سنوور ئەو شارەی کردۆتە ناوه‌ندی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر.

سەردەمێک بەسرە بە سەنتەری ناوچەکە دادەنرا. ئەو شارە لە ساڵی 636ـی زاینیی دروستکراوە و هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش وایکردبوو کە ببێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاریی و بازرگانان و تەنانەت زانایانیش. زانا ئبن بەتوتە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەو شارەیه‌.

جەبار سەعیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی بەسرە، لەو بارەیەوە بە رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمزی گووت: " بەسرە لە رابردوودا لە ئێستا زۆر باشتر بوو، تەنانەت لە حەفتا و هەشتاکان، بەسرە یەکێک بوو لە شارە جوانەکان".

لە کاتی هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر عێراق، بەهۆی گرنگی ئەو شارە، یەکەم شوێن هێرشیان کردە سەری و کۆنتڕۆڵیان کرد بەسرە بوو، پاشان بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست رۆشتن و سەدامیان رووخاند.

سوپای مەهدی، بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، لە شاری بەسرە شەڕی دژی هێزەکانی بەریتانیا کرد تا لە ساڵی 2007، دواتر بەریتانیا سوپاکەی کشاندەوە و ئاسایشی شارەکەی رادەستی سوپای عێراقی کرد، سوپای عێراقیش سوپای مەهدی لەو شارە وەدەرنا.

ئەگەرچی لە دوای ساڵی 2007، چەند پڕۆژەیەک لەو شارە ئەنجام درا، یەکێک لەوان دروستکردنی تاوەری بەسرە کە ئامانج لێی بە دوبەی کردنی بەسرە بوو، بەڵام هاتنی داعش لە ساڵی 2014 ئەو شارەی نەک هەر له‌ گه‌شه‌ وەستاند، به‌ڵكو لە هەموو کایەکاندا بەرەو دواکەوتوویی زیاتری برد.

بەگوتەی بێن لاندۆ، سەرۆکی دەزگای میدیای ئۆیل ریپۆرتی عێراق: ” سوپاکەی ناو بەسرە بۆ جەنگی داعش چوونە باکووری وڵات، بۆیە هێزی دیکە شوێنیان گرتنەوە".

بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی شارەکە، چەندین گروپ و میلیشیا پەیدابوون کاری رفاندن، دزی و ماددەی هۆشبەر دەکەن.

یاروب مەحمودییە، سەرۆکی لیژنەی چارەسەری کێشە خێڵەکیەکانی بەسرە، بەم جۆرە باس لە باردۆخی خێڵەکانی بەسرە دەکات: "بەشێک لە خێڵە مەترسیدارەکانی بەسرە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەو گروپە تاوانکارانە، کاری قاچاخچیەتی دەکەن و نەوتی ئەو شارەش بە هی خۆیان دەزانن. خێڵەکان چەکی قورسیان پێیە و جار جار لەناو یەکدیشدا شەڕ دەکەن".

مەحمودییە گووتیشی: "با بڵێین کۆمپانیایەک دێت و دەیەوێت لە ناوچەیەکی بەسرە کە ماوەیەکی زۆرە کەس خاوەنی نیە کاری وەبەرهێنان بکات، لە پڕ دوو سەرۆک خێڵ خۆیان دەکەن بەخاوەنی. پاشان جەنگ لە نێوان ئەو دوو خێڵە دروست دەبێت و کۆمپانیاکەش ناچار کارەکانی ناکات و ده‌ڕوات".



جیا لەوەش، بەسرە پارەی پیترۆ دۆلار وەرناگرێت، لە کاتێکدا رۆژانە سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت ده‌فرۆشرێت و ده‌بێت له‌ هه‌ر به‌رمیلیك نه‌وت و 150 مەتر سێجای گاز كه‌ لەو شارە دەفرۆشرێت، پێنج دۆلاری بۆ به‌سره‌ بێت، ئەمەش جیا لەوەی بە پێی یاسا دەبێت نیوەی داهاتی سنووری بەسرە لەگەڵ ئێران بۆ ئەو شارە بێت.

عەلی شەداد، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پارێزگای بەسرە، لەوبارەیەوە ئاشکرای کرد: "لە ناوەڕاستی 2015ـەوە، ئێمە هیچ پارەیەکمان وەرنەگرتووە، حکوومەت دەڵێت پارەی نییە بمان داتێ".

شەداد دەشڵێت: "تەنانەت حکوومەت هەندێک جار پارەی فەرمانبەرانی پارێزگاکەش نادات و لە ئێستاشدا 700 پرۆژە بە قوتابخانە و نەخۆشخانەوە راگیراون.

خانمە دوکاندارێکی شاری بەسرە بەناوی دایکی عەمار لەکاتی قسەکردن بۆ رۆژنامە ئەمریکیەکە تووڕە بوو و هاواری کرد: " هەموو رووبارەکانمان وێرانکراون، برۆ بۆ شەتولعەرەب، ماسی تیا نەماوە".

دایکی عەمار گلەیی زیاتری کرد و گوتی: "ماوەی چەند رۆژە ئۆتۆمبێلی خاشاک رشتن نەهاتووە و ئاوەکەشمان هەمووی سوێر و پیسە".

بەڵام ئەوەی ئێستا ئەو شارەی رووبەرووی مەترسییەکی گەورە کردۆتەوە بازرگانیکردنە بە ماددەی هۆشبەر، لەناویشیاندا جۆری مەترسیدار و ئاڵوودەکەری کریستاڵ مێس.

بە گوێرەی رۆژنامە ئەمەریکییەکە: "ئێستا بازرگانی ماددەی هۆشبەر، بۆتە بازرگانییەکی گەورە لە بەسرە، بەجۆرێک یەک گرام لە کریستال مێس بە 70 دۆلار دەفرۆشرێت".

بەهۆی نزیکی لە ئێرانەوە بەسرە تەواو بۆتە قوربانیی ماددەی هۆشبەر. جەبار سەعیدی لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد: "هەفتانە ئێمە لەسەر سنووری ئێران وعێراق خەڵک دەستگیردەکەین، خەڵک هەیە لە ناو پێڵاو و جلی ژێرەوە ماددەی هۆشبەر دەشارێتەوە".

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە ئێستادا میلیشیا شیعەکان و ئەندامانی خێڵەکان چوونەتە ناو بارزگانی ماددە هۆشبەرەکان لە بەسرە بەجۆرێک ئەو شارە بۆتە هەناردەکەری ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دیکەش.

محمودیە بە تەواوی پەردەی لەسەر ئەو راستییە هەڵماڵی و گوتی: "ئێستا کارگە هەیە لەم شارە ماددەی هۆشبەر بەرهەم دەهێنێت".

بەهۆی بوونی ئەو هەموو وێرانکاری و نەبوونی خزمەتگووزارییە لەو شارە دەوڵەمەندەی جیهان، چەند جارێک بەرپرسان و حکوومەتی عێراق بەڵێنی باشترکردنی گوزەرانی خەڵکیان داوە، بەڵام دایکی عەمار تەواو بێ هیوایە و دەڵێت: "بەرپرسانی ئێرە هەموو دزن، هەرهەموویان تەنها دزن"






K24
Top