عێراق روونکردنەوە لەبارەی هۆکاری دەنگدان دژی مەغریب دەدات
عەبدولخالق مەسعود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، عێراق لە هەڵبژاردنێکی فراکسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، عێراق دەنگی لە دژی مەغریب و لە بەرژەوەندیی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک دا.
عەبدولخالق مەسعود هۆکاری دەنگدان دژی مەغریبی بۆ هەڵوێستی ئەو وڵاتە دژی وەرزشی عێراقی، پێنەدانی ڤیزا بە یاریزان و بەرپرسانی وەرزشیی عێراقی و رێگرتن لە یانە و شاندە وەرزشییە عێراقییەکان لە ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکان لەسەر خاکەکەی، گەڕاندەوە.
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی هەروەها رایگەیاندووە، کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکا گەرەنتی و بەڵێنی باشی بە هاوتا عێراقییەکەی داوە، بۆیە دەنگیان لەبەرژەوەندیی ئەمریکا و لە دژی مەغریب، دا
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 13/6/2018، فیفا لە کۆبوونەوەیەکدا لە مۆسکۆ، هەڵبژاردنی بۆ شوێنی ئەنجامدانی جام جیهانی (مۆندیال)ی 2026 ئەنجام دا.
ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بە هاوبەشی رکابەریی مەغریبی عەرەبییان دەکرد و دوای دەنگدان، ئەو سێ وڵاتەی ئەمریکا بۆ میوانداریکردنی ئەو مۆندیالە، دەستنیشان کران.
لە دەنگدانەکەدا، حەوت وڵاتی عەرەبی (ئیمارات، بەحرێن، عێراق، عومان، ئوردن، سـعودیە و لوبنان) دەنگیان لە دژی مەغریب و لە بەرژەوەندیی ئەو سێ وڵاتەی ئەمریکا، دا.
باسنيوز