سه‌در و عامری كۆتایی به عه‌بادی ده‌هێنن
رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسط"ی سعوودی راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌و گۆڕانكارییانه هاوكاتن له‌گه‌ڵ جموجۆڵه‌كانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، سه‌ره‌تای هه‌نگاوه‌كانیشی بۆ رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵه په‌رته‌وازه‌كه‌ی شیعه چڕكردووه‌ته‌وه.
له به‌رامبه‌ریشدا، دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه له نێوان پێكهاته‌كان و هه‌موو ئامانجه‌كه‌ش پێكهێنانه‌ی كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانه.
رۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای عێراقیيه‌وه بڵاويكردووه‌ته‌وه، ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی ئه‌و جه‌نه‌راڵه ئێرانییه، له ده‌وروبه‌ری نێوماڵی شیعی ده‌خوولێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به هۆی ناكۆكی نێوان سه‌ركرده‌كانی شیعه، په‌رته‌وازه‌یی زۆری تێكه‌وتووه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هه‌وڵه‌كانی سوله‌یمانی بۆ پێكهێنانی "كوتله‌ی گه‌وره" له په‌رله‌مان، رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگێكی زۆر بووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی كه‌ناڵی "العربیة", پێده‌چێت راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانێتی له نێوان سائیروون و فه‌تح، ببێته هۆی بێهیوابوونی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا له وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌م, كه لیسته‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو له‌سه‌ر ئاستی عێراق سێیه‌مه.
له‌گه‌ڵ هه‌وڵ و گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كانی نێوان لیسته براوه‌كان، له‌سه‌ر ئاستی پێكهاته‌كانیش گفتوگۆ به‌رده‌وامه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رگرتنی هه‌وڵه‌كانی سوله‌یمانی كه چه‌ند پێشنیازێكی بۆ كاندیدان خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌وانیش داواكاری خۆیان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ رێكبخه‌نه‌وه.
وێڕای هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی موقته‌دا سه‌در له پێكهێنانی كوتله‌ی گه‌وره، به پێكهینانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك بتوانێت سنووره تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بشكێنێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ی دووچاری ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ده‌رنان و دوورخستنه‌وه‌ی بۆ ریزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنیش لێده‌كرێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌وڵه‌كانی سووننه و كوردیش، بۆ پشتگیریكردن له هاوپه‌یمانێتییه‌كی له‌و جۆره‌ی موقته‌دا ده‌یخوازێت، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ڤیتۆی له‌سه‌ره و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، سه‌ره‌تای هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنی پێنج هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی شیعه ده‌بێت، كه (نه‌سر، فه‌تح، ده‌وڵه‌تی یاسا، ره‌وتی حیكمه و سائیروون)ـن.
تاران له رێگه‌ی سوله‌یمانییه‌وه پێشنیازی ئه‌وه‌ی كردووه، هه‌ر یه‌كێك له‌و كوتله شيعييانه, كه‌سێك بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، كاندید بكات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رۆژنامه‌ی "الحیاة"ی له‌نده‌نی له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ئێستا سوله‌یمانی له‌گه‌ڵ پێنج هێزه شیعییه‌كه ئه‌نجامییان ده‌دات، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ر كوتله‌یه‌ك 3 كه‌س كاندید بكات، واتا كۆی گشتی كاندیدان له‌ناو ئه‌و هێزه شیعییانه ده‌گاته 15 كه‌س، دواتریش به راوێژی ناوخۆیی خۆیان، ناوه‌كان له‌سه‌ر پێنج كه‌س كورت بكرێنه‌وه, ئه‌وه‌ش له ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتنی ناوخۆیی هێزه شیعییه‌كانه، به‌ر له‌وه‌ی بۆ پێكهێنانی كوتله گه‌وره‌كه، بچنه لای سووننه و كورد.
به گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیش، سوله‌یمانی پێشنیازی كردووه حكوومه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی ته‌واو دابمه‌زرێت و سووننه و كوردیش به‌شداری له دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانێكی شیعه‌دا بكه‌ن له نێو ئه‌و ناوانه‌ی كه پێشتر پێنج هێزه شیعییه‌كه دیاری‌یان كردووه.
به گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كانیش، كوتله گه‌وره‌كه‌ی ناوپه‌رله‌مان، له گه‌وره‌ترین سێ لیستی پێهاته‌كان پێكدێت، واتا گه‌وره‌ترینی شیعه و سووننه و كورد.
K24