دادگایی فیدڕاڵی عێراق پرسی ھەڵبژاردن یەکلادەکاتەوە
لەلایەکی دیکەش، فشاری لایەنە ناڕازیەکان لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بۆ دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست، دوای سووتانی ھەندێ لە سندوقەکانی دەنگەکان لە بەغدا بەردەوامی ھەیە، لە ناوخۆی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق نیگەرانە و ھەوڵی چڕی خۆی لە ڕێگەی سەرکۆمارەوە بۆ ڕێگریکردن لە بڕیارەکان دەستپێکردوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لەسەرەتاوە ھەڵوێستی خۆی بەشێوەیەکی ئەرێنی لەسەر ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست نیشانداوە.
ھەر دوێنێ دووشەممەش، سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لە پیرمام دوا پێشھاتە سیاسییەکانیان لە عێراق و قۆناغی دوای ھەڵبژاردن و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق خستووەتە بەر باسەوە.
تیایدا بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە پارتی ھیچ نوێنەرێکی لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراقدا نییە و بە عەمد ژمارەیەکی زۆری دەنگی پارتییان سووتاندوە، بە تایبەتی دەنگی کەمپەکان و دەنگی خوشک و برا ئێزدییەکان و ئامانجیش لە سووتاندنی ئەو دەنگانە ئەوە بووە کە ڕێگری بکرێت لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا دەنگی یەکەم بێت کە لە ڕاستیدا دەنگی یەکەمە.
بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە بۆ نەھێشتنی گومانەکان و خاوێنیی پڕۆسەکە پارتی بە ھەموو ڕێکارێک ڕازی بووە جا چ ژماردنەوەی دەنگەکان بێت یان بەدواداچوون بۆ سکاڵاکان لە ھەر ناوچەیەک تەنانەت دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنەکانیش، بەڵام ھەوڵدان بۆ یاریکردن بە ئەنجامەکان و ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە بە ھیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نییە.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانیش ئاشکرایان کردووە، کە حەیدر عەبادی، نزیک بووەتەوە لە جیابوونەوە لە حزبی دەعوە، بەھۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ (شێخ عبدولحەلیم ئەلزوھەیری) ئەندامی ئەنجومەنی شوورای حزبی دەعوە، ھاوکات عەبادی، بە ھۆی ناڕازیبوونی بە ھاوپەیمانیکردن لەگەڵ لیستی سائرونی موقتەدا سەدر، (ئەلزوھەیری) لە لێژنەی دانوستانی ھاوپەیمانیی (نەسڕ) دوور خستووەتەوە.
ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە لەکۆتایی ھەفتەی رابردوودا، ھەر یەک لە لیستی سائیروونی موقتەدا سەدر و ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیم و ھاوپەیمانیی وەتەنیەی ئەیاد عەلاوی، لێکتێگەیشتنێکیان بۆ پێکھێنانی حکوومەت واژۆ کرد.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، لیستەکەی حەیدەر عەبادی ڕازییە بە واژۆکردنی ئەو ھاوپەیمانێتییە لێکتێگەیشتنە بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی حکوومەتی داھاتووی عێراق، خاڵی ناکۆکی لەگەڵیاندا تەنیا ئەوەیە لیستی (نەسڕ) سوورە لەسەر ئەوەی کە حەیدەر عەبادی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام لیستە ھاوپەیمانەکان ئاماژە بە ئەیاد عەلاوی بۆ بوونی بە سەرۆک وەزیران دەکەن، لیستەکانی دیکەش لە شیعەکان وەکوو (فتح و دەوڵەتی یاسا) کە نزیکن لە ئێرانەوە، ئەگەر بێت و بێنە ناو ئەو ھاوپەیمانێتییەوە، ئەوە کاندیدی دیکەیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە داناوە، لەبەر ئەوە تا ئێستا دیار نییە بازی سەرۆک وەزیران بەسەر کام سەرکردەی عێراقدا دەنیشێتەوە.
بەڵام، ئەوەی ھەیە ئەو ئەگەرەیە کە لیستی نەسڕی حەیدەر عەبادی بچێتە پاڵ ئەو ھاوپەیمانێتییەوە، کە ئەو سێ لایەنە (سەدر و حەکیم و عەلاوی) لە رووی مەبدەئییەوە واژۆیان کردووە، ئەوە ژمارەی کورسییەکانی ئەو ھاوپەیمانییە لە پەرلەمانی عێراق دەگاتە زیاتر لە ١٣٠ کورسی، بەپێی دەستووری عێراق ٥٠+١ی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق بە دەستی ھەر ھاوپەیمانێتییەکەوە بێت دەتوانێ کەسێک بۆ پێکھێنانی حکوومەت ڕاسپێرێت، بەو پێیەش بێک کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق ٣٢٩ کورسییە، ئەو ھاوپەیمانییە پێویستی بە ٣٥ کورسی دیکە دەبێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، واتا ئەگەر تەنیا پارتی و یەکێتی وەکوو دوو لایەنی براوەی کوردستانی، بەبێ سوننەکان بڕۆنە ناو ئەو ھاوپەیمانییەوە، ئەوا ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی عێراق لە رێژەی یاسایی بۆ پێکھێنانی حکوومەت زیاتر دەبێت.
لای خۆشیانەوە، جیمس جیفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە رۆژنامەی (یو ئێس ئەی تودەی)ی ئەمەریکی راگەیاندووە، کە واشنتۆن پشتیوانی لە موقتەدا سەدر دەکات، بۆ پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی ھەژموونی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، کە بەشێکیان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
ئاشکراشی کردووە، کە کۆبوونەوەکانی موقتەدا سەدر بۆ پێکھێنانی حکوومەت بە ھەستیاری بەڕێوەدەچن و واشنتۆنیش بە وردی مامەڵە لەگەڵ پێشھاتەکاندا دەکات.
ھەر بەپێی زانیاریەکانی (باس) فواد مەعسوم سەرکۆماری عێراق لەگەڵ دادگایی فیدڕاڵی کۆبووەتەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکەی ئەوە بووە دۆسیەی ھەڵبژاردن و ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمان دراون بە ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەست، لەگەڵ ئەو دادگایە یەکلابکاتەوە.
ھاوکات، یەکێتی لای خۆشیەوە، بەو لایەنە ناڕازیانەی پەرلەمانی وتووە، سەرکۆمار بەپێی ئەو دەسەڵاتە دەستووریانەی کە ھەیەتی ڕێگە بەوە نادات کودەتاکەی پەرلەمان سەربگرێت.
جووتیار عادل، چاودێری سیاسی، بۆ (باس)ی رای گەیاند، بڕیارەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق، نایاسایی و نادەستوورین و دەبنە ھۆکاری دروستبوونی کێشەی گەورە لە عێراق، گوتیشی: ”لەبەرامبەر ئەو کێشەیەی لایەنە سەرنەکەوتووەکان دروستیان کردووە، کۆمەڵێک ھێزی سیاسیی کاریگەر، وەکوو رەوتی سەدر، ھاویمانیی نیشتمانی، رەوتی حیکمە، سائیروون و چەند لایەنێکی دیکە لە ھەوڵی پێکھێنانی حکوومەتدان و سیاسەتی حکوومەتی داھاتوو دادەڕێژن”.
لەبارەی رۆڵی ئەمەریکاش لەم ململانێ نوێیەی کە لە عێراقدا ھەیە، ئەو چاودێرە گوتی: “ئەمەریکا دەیەوێت حکوومەتی نوێ بەخێرایی و دوور لە کاریگەریی ئێران پێکبێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆر بەلایەوە گرنگ نییە لە ھەڵبژاردندا چی رووی داوە و دەرئەنجامەکان چۆن دەکەونەوە، چونکە ئەو وڵاتە خۆی لەگەڵ پێشھاتە نوێیەکان دەگونجێنێت”.
ھاوکات، فەرھاد قادر کەریم، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، دروستکردنی ئەو ھاوپەیمانییە پەیوەندی بە بڕیار و یاساکانی پەرلەمانی عێراقەوە نییە، گوتیشی: “ھاوپەیمانی قۆناغێکی دیکەیە و تێپەڕاندنی قۆناغی ھەڵبژاردنە و ھەنگاوە بۆ پێکەوەنانی حکوومەتی نوێی عێراق”.
ئاماژەی بەوەشدا، دادگای فیدڕاڵی ھەموو تانەکان وەردەگرێت، ئەگەر بێت و ئەو لیستانەی یان ئەو ھاوپەیمانییانەی کە رازی نین بە بڕیارەکانی پەرلەمان، بیسەلمێنن ئەو بڕیارانە نایاسایین کە لە پەرلەمان دراون، ئەوا بڕیارەکان ھەڵدەوەشێنەوە، گوتیشی: “ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچوون، کۆمەڵێک سەرنج و پێشێلکاریی دەستووری تیادا کراوە، کە بایی ئەوەندە دەبێت کە دادگایی فیدڕاڵی لەسەری بێتە وەڵام و رەتی بکاتەوە، یان بە لایەنی کەم بۆ پەرلەمانی بنێرێتەوە، تاوەکوو پێداچوونەوەی بۆ بکرێتەوە”.
شوان محەمەد تەھا، پەرلەمانتاری پێشوو لە پەرلەمانی عێراق و بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، عێراق لە دۆخێکی مەترسیداردایە، سوتانی سندوقەکانی دەنگدان ئەو مەترسیەی بەروونتر دەرخست، ئێستا تەنیا دادگایی فیدڕاڵی دەتوانێ ھەموو پرسەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردن یەکلابکاتەوە، گوتی: ”تاوەکوو کۆمسیۆن بڕیاری یەکجاری نەدات و دادگایی فیدڕاڵی تانە و بابەتە دەستوورییەکان بە تەواوی یەکلا نەکاتەوە، ناتوانرێ بڕیار لە پێکھێنانی حکوومەت بدرێت، ئەوەی ئێستا ھەیە لە عێراق لە سووتانی سندوقەکان و زۆریی تانەکان لەلایەن لایەنە ڕازی و ناڕازییەکان، دۆخەکەی یەکجار ئاڵۆز کردووە”.
ئەو بەرپرسەی پارتی، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لێکتێگەیشتنی ئەو لایەنانەی کە لەسەر ھەندێ مەبدەئی گشتی ڕێککەتوون، کار بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتییەکی فراوان دەکەن، کە ئەو ھێزانەی ئێستا لە پەرلەمان بڕیار دەدەن بەشێکیان لە دەرەوەی ئەو ھاوپەیمانییە دەبن و ناکۆکن، لەبەرئەوە دوور نییە دۆخەکە لە ئێستاش مەترسیدارتر بێت، گوتی: “تەنیا کۆمسیۆن و دادگای فیدڕاڵی دەتوانن پرسەکان یەکلا بکەنەوە، بڕیارەکانیان مولزەمن، بەڵام تا چەند دەتوانن کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن، ئەوە پرسێکە دەبێت چاوەڕوان بین”.
باسنیوز