نووسەرێکی عێراقی: کچەکەی فوئاد مەعسووم مۆری سەرۆکایەتیی کۆمار بەکار دێنێ

 نووسەرێکی عێراقی: کچەکەی فوئاد مەعسووم مۆری سەرۆکایەتیی کۆمار بەکار دێنێ
نووسەرێکی ڕۆژنامەی (ئەلمەدا) کە فەخری کەریم، ڕاوێژکاری پێشووی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، سەرنووسەریەتی، ئاشکرای کردووە کە کچەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، مۆری سەرۆکایەتیی کۆمار بەکار دەهێنێت.



عەلی عەبدولخالق، نووسەر، لە سەروتاری ژمارە (٤٢٠٧)ی ڕۆژنامەی (مەدا)دا بە ناونیشانی (رئیس مع وقف التنفيذ)، ڕەخنەی توندی لە فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق گرتووە، بەوەی نەیتوانیوە ئەرکەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت و کەمتەرخەمییەکی زۆری هەبووە لە کارەکانیدا. ئەوەشی درکاندووە کە پێش ئەوەی بکرێ بە سەرۆک کۆمار، فوئاد مەعسووم لە خەیاڵی گەیشتن بەو پۆستە نەبووە، بەڵکوو بیری لە چوون بۆ لەندەن و ژیان لەنێو خانەوادەکەی کردووەتەوە.



ئەو نووسەرە نەیشاردووەتەوە کە سەرەڕای ئامۆژگارییە زۆرەکان، بەڵام ”سەرۆک فوئاد مەعسووم، کۆشکی کۆماری گۆڕیوە بۆ ماڵێکی خێزانی بۆ میوانداریکردنی (برا، خوشک، مام، خاڵ و هاوسەرەکان)“. دەشڵێت: ”مەعسووم وایکردووە سەرۆکایەتی بووەتە هەیوانێک کە کچەکەی (جوانە خان) تێیدا دەچریکێنێت، مۆری سەرۆک کۆماریشی بە فیعلی بەدەستەوە بێت و هەر خۆی ئامر و ناهی بێت“.



عەلی عەبدولخالق ئاماژەشی بەوە داوە کە سەرۆک کۆماری عێراق برایەکی خۆی لە لەندەنەوە هێناوەتەوە، ”بۆ ئەوەی کارێکی ئاسانی پێ بسپێرێت کە ئەویش سەرپەرشتیکردنی چاودێریکردنی کۆشکەکانی کۆمارییە بە سیفەتی (شارەزا)“. هەروەها نووسیویەتی: ”مەعسووم برایەکی دیکەی دامەزراندووە وەک ڕاوێژکارێکی موتەفەریغ. کوڕی خوشکەکەشی بە ڕاوێژکارێکی بێ مووچەی مانگانە دامەزراندووە. ئیتر بەرە بەرە بازنەی خزم و کەسوکارەکەی فراوان بوون لە دەوری، تا وای لێهات بەداخەوە کە خەڵکی گومانیان لێ دەکەن کە ڕەنگە واش نەبێ“.



نووسەرەکە نەیشاردووەتەوە کە ئەو کەسانەی لە دەوروبەری مەعسووم دان، بە ڕادەیەک کەمتەرخەمن کە مەعسوومیان کردووەتە مایەی “گاڵتەجاڕێ”. لەمبارەیەشەوە ئاشکرای کردووە: “لە دوایین کۆنگرەی لووتکەی عەرەبی لە ڕیاز، وتارەکەی بەبێ ژمارەبەندیی لاپەڕەکان بۆ بنووسنەوە و دواجار وایلێهات، لاپەڕەکانی پاش و پێش کرد و بەو هۆیەوە کەس تێنەگەیشت لە وتارەکەیدا دەیەوێ چی بڵێت و بووە مایەی گاڵتەجاڕی”.




باسنیوز
Top