سووتانی سندووقەكانی رەسافە قەیرانی هەڵبژاردنی عێراق قووڵتر دەكاتەوە
رەوتی سەدر: سووتانی كۆگاكە بەرنامە بۆ داڕێژراوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، كۆگاكە ئەو سندووقانەی تێدا هەڵگیراون كە بەشێك لە دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی تێدایە و تیمەكان هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەیان داوە. سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە شوێنی كەوتنەوەی ئاگرەكە رایگەیاند، لە كۆی چوار كۆگای هەڵگرتنی سندووقەكان ئاگر لە یەك كۆگایان كەوتووەتەوە و سێ كۆگاكەی دیكە نەسووتاون. گوتیشی "ئێمە سندووقی دەنگدانمان بینیوە نەسووتاوە".
ئەندامێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، سندووقەكانی رەسافە بە ئەنقەست ئاگریان تێبەردراوە. زانا رووستایی بە (رووداو)ی گوت "گومانێكی زۆر دەكەم كە لەو هەلومەرجانەدا ئەو كەسانەی زەرەرمەندن لە ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست، بە سووتاندنی ئەو سندووقانە راستییەكە ون بكەن، بۆ سەرلێشێواندنی دادگا، بۆ ئەوەی نەتوانێت كارەكانی خۆی بكات، رەنگە كاریش بۆ ئەوە بكەن عێراق بەرەو بارودۆخێكی ناهەموار بڕوات كە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن و چوون بەرەو بۆشاییەكی دەستووری كە ئەمەش وەكو مەجهول وایە كەس نازانێت چارەنووسی بەرەو كوێ دەڕوات".
بۆ دەربڕینی هەڵوێستی خۆی، پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوە دەكات. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لەوبارەوە دەڵێت: "سووتاندن یاخود سووتانی چەند سندووقێك لەناوچەیەكی دیاریكراو، نابێتە رێگر لەبەردەم دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست".
خەسرەو گۆران بە (رووداو)ی گوت :"ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانین لەو رووداوە، پارتی نایەوێ دۆخی عێراق لەوە خراپتر ببێ".
یەکگرتوو: ئەگەرێكی بەهێز هەیە هەڵبژاردن هەڵبوەشێتەوە
ئەو شوێنەی دەنگەكانی ناوچەی رەسافەی لێبووە، چوار كۆگا بوون، لەنێویاندا تەنیا یەك كۆگا ئاگری گرتووە. عەلی قادر، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە (رووداو)ی گوت: "دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەموو پارێزگاكان لە جێگەی خۆیان ماون و نەنێردراون بۆ نووسینگەی نیشتمانی كۆمیسیۆن و ئەو كۆگایەشی كە سووتاوە، تەنیا دەنگی ناوچەی رەسافەی بەغدای تێدا بووە".
ئەمە لە كاتێكدایە كە سەعد كاكەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "لەم هەفتەیەدا هەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەستپێدەكات. نۆ دادوەر لە شوێنی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لەگەڵ 18 دادوەری پارێزگاكانی عێراق سەرپەرشتی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكەن و رۆژی چوارشەممە یان پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە دەست بە جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكرێ".
هاوپەیمانێتی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە رووداوەكە دەكات و لە زاری كەریم نوورییەوە رایگەیاند كە ئەو ئاگركەوتنەوە لە كۆگای رەسافە ئاماژەیەكی نەرێنییە.
پارتی: سووتاندنی ئەو كۆگایە رێگر نابێت لە دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست
بەڵام رەوتی سەدر بە ئاشكرا دەڵێت سندووق و ئامێرەكانی دەنگدان بە ئەنقەست سووتێنراون. زیا ئەسەدی، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی رایگەیاند "سووتاندنی ئامێرەكانی دەنگدان و شوێنی داتاكانی هەڵبژاردن ئامانجەكەی دوو كارە، هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردن یاخود هەڵوەشانەوەی ئەو كارتانەیە لە چوارچێوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردندان و پڕكراونەتەوە".
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش لەبارەی سووتانی سندووقەكانی دەنگدانی رەسافە، هەمان بۆچوونی رەوتی سەدری هەیە، موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: سووتاندنەكە بەدەستی ئەنقەست بووە و ئامانجەكەش پەكخستنی ژماردنەوەی دەنگەكانە بەدەست، بەڵام ئەگەر ئەم جۆرە پیلانانە بەردەوامبن، عێراق بە ئاراستەیەكی مەترسیدار و پڕ لە قەیراندا دەڕوات."
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەشڵیت "رەنگە ئەم كارە لەلایەن ئەو لایەنەوە كرابێت كە سوودمەندووە لە ئەنجامەكانی كۆمیسیۆن، بەڵام ئەگەر بەردەوامبن لێی، ئاراستەكەی پێچەوانە دەبێتەوە و زیانی لێدەكەن، چونكە ئەگەرێكی بەهێز هەیە كە بە بڕیاری دادگا هەڵبژاردن هەڵبوەشێتەوە و بڕیاری دووبارە هەڵبژاردن بدرێتەوە".
رووداو