سەرکردەیەکی عێراقی داوای راگەیاندنی باری نائاسایی لە عەبادی دەکات
میسال ئالوسی، سەرۆکی پارتی ئوممە و پەرلەمانتاری عێراق لە پەیامێکی ”برایانە“دا بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، کە گەورە تیرۆریستەکان ئەو کەسانەن، کە گەندەڵی دەکەن و لە پشت پەردەی دینەوە کارە خراپەکانیان دەکەن.
میسال ئالوسی پێی وایە داهاتووێکی مەترسیدار و نادیار بۆ عێراق بەڕێوەیە و تەنیا ”چەند کاتژمێرێک یان رۆژانێکی کەم“ی ماوە و رایگەیاندووە، ”خەڵکی دەرەوەی سنوورەکانی عێراق خێری دەوڵەت و گەلی عێراقیان ناوێ“.
ئەو سەرکردە عێراقییە داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات ”بارودۆخی نائاسایی“ رابگەیەنێت و بەشێک لە بەرپرسانی بێ ئیرادە و بێ هێز بگۆڕێ بە کەسانی بەهێز و خاوەن بەهاکانی دیموکراتییەت.
میسال ئالوسی هەروەها داوا دەکات، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی باری نائاساییدا، دیاردەی چەکداری و بوونی گرووپە چەکدارییەکان لە عێراقدا نەهێڵیت و پشت بە خوا و دەستوور ببەستێت.
ئەو نامەیەی ئالوسی بۆ عەبادی لەکاتێک دایە، کە ئوارەی رۆژی یەکشەممە 10/6/2018، هەموو سندووقەکانی دەنگدان، کە پڕ بوون لە دەنگی هاووڵاتییان و بڕیاربوو بە دەست هەژمار بکرێنەوە، لە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە بەغدا، لە رووداوێکی تەمومژاویدا سووتان.
چاودێران پێیان وایە بە سووتاندنی ئەو کۆگایە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراق قووڵتر دەبنەوە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیش تا کاتێکی نادیار دوا دەکەوێت و بەشێک لە سیاسەتمەدارانیش باس لە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق دەکەن.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، بەشێک لە لایەنە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکان ئەنجامەکانیان رەت کردەوە و رایانگەیاند، کە ساختەکارییەکی زۆر لە ژماردنی دەنگەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی کراوە و داوایان کرد دەنگەکان بە دەست هەژمار بکرێنەوە.
باسنيوز