په‌رله‌مانتارێك: هه‌ڵبژاردن دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌

 په‌رله‌مانتارێك: هه‌ڵبژاردن دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌
په‌رله‌مانتار مشعان جبووری، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 12ى ئایار ده‌نگى پێویستى به‌ده‌ست نه‌هێنا، ڕای گه‌یاند، ئه‌گه‌ر سووتاندنى ته‌واوى سندووقه‌كان له‌به‌رى ڕه‌سافه‌ى به‌غدا، دووپات بوویه‌وه‌، هه‌ڵبژاردن دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌.

پێشتر، محه‌مه‌د ڕوبه‌یعی، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئه‌منی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى به‌غدا، ڕای گه‌یاند، هه‌موو ئه‌و سندووقانه‌ى ده‌نگدان كه‌ له‌ كۆگاكانى وه‌زاره‌تى بازرگانى دانرابوون، له‌ به‌رى ڕه‌سافه‌ له‌ به‌غدا، ئاگریان تێبه‌ر بوو و سووتان.

له‌وباره‌یه‌وه‌، مشعان جبووری، په‌رله‌مانتارى عێراق، له‌ئه‌كاونتى تایبه‌تى خۆى له‌ فه‌یسبووك، ڕای گه‌یاند: "ساخته‌كاران په‌نایان بۆ شۆرتى كاره‌با بردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سندووقه‌كانى ده‌نگدان بسووتێنن و ساخته‌كارییه‌كه‌ى خۆیان ڕزگار بكه‌ن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر دووپات بووه‌وه‌ هه‌موو سندووقه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌به‌رى ڕه‌سافه‌ سووتاون، ئه‌وكات هیچ بڕیارێك له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان و دادگا نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن.

دواى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌، لیوا مه‌عن سه‌عد، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ناوخۆی عێراق، ڕای گه‌یاند: "سندووقه‌كان له‌و ئاگره‌ پارێزران كه‌ له‌ كۆگاكانى ڕه‌سافه‌ كه‌وته‌وه‌".










باسنيوز
Top