ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە پرسی گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و توركیاوە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت
هەفتەی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچووكی گرتەوە بەهۆی دروستكردنی بەنداوەوە كاریگەری گەورەی لەسەر ئاوی زێ و دەریاچەكانی هەرێمی كوردستان دروستكرد.
عادل نوری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەو بەنداوانەی لەسەر هەردوو رووبارەی دیجلە و فورات-ن تەنگەژەی ئاو دروستكردووە كە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا كێشەی كەم ئاویان بۆ دروست دەبێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژی شەممە ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە.
بەهۆی گرتنەوەی بەشێكی ئاوی زێی بچووكەوە ئاستی ئاوی ئەو زێیە لە سنووری قەزای قەڵادزێ لە پارێزگای سلێمانی 80 سانتیمەتر دابەزی و كاریگەری گەورەی لەسەر ئاوی خواردنەوەی ناوچەكە دروست كرد و ژمارەیەكی زۆر ماسی ناو ئاوەكەش بەو هۆیەوە لەناوچوون.
عادل نوری وتیشی، یەكشەممەی رابردوو لەگەڵ وەزیرانی كشتوكاڵ و دەرەوە كۆبوونەتەوەو لە ئەنجانی ئەو كۆبوونەوەیەدا كۆمەڵێك راسپاردەو پێشنیار ئامادەكراون و سبەی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی باسی لێوەدەكرێت.
ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی كۆگا و بەنداوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، بە دروستكردنی بەنداو لەسەر ئەو سەرچاوانە و گرتنەوەیان مەترسی گەورە لەسەر بەنداوەكانی هەرێم دروست دەبن.
هەرێمی كوردستان خاوەنی سێ بەنداوی گەورەیە كە بریتییە لە (دوكان، دەربەندیخان و دهۆك) و چەندین بەنداوی بچووكی ترە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ساڵانەی دوایدا خستوونیە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانە تەواو نەكران.
خەندان