لە خورماتوو حەشدی شەعبی بە وێنەی خامنەییەوە نمایشی سەربازییان ئەنجام دا
بەپێی زانیارییەكان ماوەیەكە هێزەكانی بەرپەرچدانەوی خێرا لە خورماتوون و بەشێك لە هاووڵاتییانی شارەكە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە كە ئەو هێزە توانیویانە تاڕادەیەك بارودۆخی ئەمنیی خورماتوو كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام وەك هاووڵاتییانی خورماتوو ئاماژەی پێ دەكەن تەنیا چەك لە كورد وەرگیراوەتەوە و شارەكە داگیر كراوە و ئەو نمایشەی سەربازییەی ئەمڕۆ دەرخەی ئەوەیە كە ئەوان لە داگیركارییەكەیان بەردەوام دەبن.
هەر لە سەرەتای داگیرکردنی کەرکووک، خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و بە هاوکاری و یارمەتیی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، سوپای پاسداران و میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لەناو کەرکووک و و ناحیەی بەشیر و خورماتوو و خانەقین بە ئاشکرا بە ئاڵای ئێران و وێنەی خامنەیی و خومەینییەوە دەردەکەون و لە هەموو بۆنەکاندا وێنەکانیان هەڵدەواسرێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە و ئاشکرا دەرکەوتنی هێزە سەربازییەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای قودس لەناو خاکی عێراق، لە لاتێک دایە کە ئێران حاشا لە بوونی هیزە سەربازییەکانی دەکات و هەموو کات باسی سەروەریی خاکی عێراق و یەکپارچەیی ئەو وڵاتە دەکات، کەچی خۆی یاسا و پیوەرە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
شاری خورماتوو لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی داگیركرا.
باسنيوز