هاوپه‌یمانی سائیرون په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ساخته‌كارییه‌كان بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان درێژ ده‌كات

هاوپه‌یمانی سائیرون په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ساخته‌كارییه‌كان بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان درێژ ده‌كات
قه‌حتان جبووری گوته‌بێژی فه‌رمی هاوپه‌یمانێتی سائیروون كه‌ له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت دووپاتیكرده‌وه‌، "كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان تاكه‌ لایه‌نی به‌رپرسه‌ له‌ ده‌رهاوێشته‌كانی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی" و گوتیشی، "پێویسته‌ كۆمسیۆن به‌ وردی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشێلكارییه‌كان بكات و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ساخته‌كارییه‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان مافی خۆیان وه‌ربگرن و ساخته‌كاران نه‌گه‌نه‌ په‌رله‌مان".

هاوكات جبووری جه‌ختی كرده‌وه‌، "هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان بۆ گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌ وڵات زۆر به‌په‌رۆشه‌" و روونیشیكرده‌وه‌ "هاوپه‌یمانێتی سائیروون پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كان به‌ پاساوی بوونی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و جه‌ختیش له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی یاسا له‌ پێشێلكارییه‌كان ده‌كات".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادنه‌كان كراوه‌، هاوپه‌یمانێتی سائیروون جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ ئه‌و دۆخه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و ناكرێت بۆ رازیكردنی ئه‌م و ئه‌و، دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بهێڵدرێته‌وه‌.
k24 -
Top